ناوزڕاندن ناهێڵێت
تەندروستى هەڵەبجە بوو بە خاوەنى ئامێرى پشکنینى مادەى هۆشبەر
964+
ئەمەل ناجی – ھەڵەبجە
جاران ئەگەر تۆمەتبارێک لە هەڵەبجە نمونەى پشکنینى مادەى هۆشبەرى لێوەرگیرابا، تا دەنێردرا بۆ سلێمانى کاتێکى زۆرى پێدەچوو و دەبووە هۆى ناوزڕاندنى کەسەکە، بەڵام ئێستا بوونەتە خاوەنى ئامێرى پشکنین و راستەخۆ ئەنجامەکەى دەردەخات.
ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی تەندرووستی ھەڵەبجە لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا کە پەیامنێرى 964 ئامادەی بوو رایگەیاند، لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتی گشتى تەندرووستی ھەڵەبجە و بە تێچووى 160 ملیۆن دینار، ئامێرێکی تایبەت بە پشکنینی مادەی ھۆشبەر بۆ تەندروستى هەڵەبجە دابینکرا.
بە وتەى ئازاد مستەفا، پێشتر ئەو نموونانەی کە لە تۆمەتباران وەردەگیران، دەنێردرانە سلێمانی بۆ پشکنین، بە ھۆی ئەوەی کاتێکی زۆری پێدەچوو، دەبووە ھۆی ناوزڕانی تۆمەتباران و کەسوکارییان، ئەمەش ناڕەزایی لێدەکەوتەوە.
لاى خۆیەوە، عەمید بورهان فەرەج، لێپرسراوی بەشی لێکۆڵینەوە لەبەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور، وتى،” پێشتر ئەم پشکنینانە، دوو ھەفتە بۆ سێ ھەفتەی پێدەچوو، بەڵام ئێستا لە ماوەی 24 کاتژمێردا پشکنینەکە دەردەچێت و لەیەک کاتدا، ئامێرەکە دەتوانێت پشکنین بۆ 20 نموونە بکات”.
سەبارەت بە ئاماری ئەمساڵی دەستگیرکراوان عەمید بورھان فەرەج ئاشکراى کرد لە سەرەتای ئەمساڵەوە 82 تۆمەتبار بە تۆمەتی بەکارھێنان و بازرگانی بە مادەی ھۆشبەرەوە دەستگیرکراون و رەوانەی دادگا کراون، لەو ژمارەیەش 32 کەسیان حوکمدراون.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح