30ی ماڵ خۆر کارەبایان پێ دەدات

شیرەمەڕ سۆلاری هەیە و لە مۆلیدە بێمنەت بووە

964+

ئەمەل ناجی – هەڵەبجە

شیرەمەڕە، گوندێکە لە باوەشی باخە سەرسەوزەکان و دەشتە بە پیتەکەی شارەزوور، تەنیا چوار کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزای خورماڵەوە دوورە، نزیکەی 90 ماڵ لە گوندەدا دەژین.

بەھۆی ئەوەی تێچووی کارەبای مۆلیدەی ئەھلی زۆر دەکەوێت لەسەریان، 30ی ماڵی گوندەکە بیریان لە رێگەچارەیەکی جێگرەوە کردووەتەوە، ئەویش بەکارھێنانی سیستەمی (سۆلار پەناڵ)و سوود وەرگرتنە لە وزەی خۆر بۆ دابینکردنی کارەبا.

جگە لەوەی سیستەمەکە دۆستی ژینگەیە، و تێچووەکەی تەنیا یەکجارە، ئاسانی بەکارھێنانی بۆ دانیشتووانەکەی بە تایبەت کەسە بەتەمەنەکانی گوندەکە جێگەی رەزامەندیی و پیاھەڵدانێکی زۆرە، لە سەرئێشەی مۆلیدەی بچووکی ماڵەوەش رزگارییان بووە.

ئەو ماڵانەی کە ھێشتا سوودمەند نین لە دانانی سیستمی وزەی خۆر، لە رۆژدا تەنیا سێ کاتژمێر کارەبای نیشتمانییان ھەیە، ناچارن یان بێ کارەبا دانیشن، یاخود سوود لە مۆلیدەی بچووکی ماڵان وەربگرن.

ئەو ماڵانەی سۆلاریان هەیە کارەکەیان بە رادەیەک جێگەی گرتووە، ئامانج محەمەد، بەڕێوەبەری کارەبای خورماڵ بە 964ی وت، “فەرمانگەی کارەبای ناوچەکە ئامادەیە، ئەو کارەبایەی لە دانیشتووانی گوندەکە زیادە بیکڕینەوە لێیان”.

ھەر لە دەوروبەری گوندی شیرەمەڕ، چوار گوندی دیکە ھەن کە بێبەشن لە کارەبای مۆلیدەی ئەھلی، بەڵام بەکارھێنانی سیستمی سۆلار تەنیا لەم گوندەدا بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردێت و گوندەکانی دیکە کەمتر هەنگاویان بۆ دەستخستن و دانانی ناوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

هاوڵاتييەک بانگەوازی ئەوە دەکات چارەسەری سەرئێشەی دۆز...

هاوڵاتييەک بانگەوازی ئەوە دەکات چارەسەری سەرئێشەی دۆزیوەتەوە