لەپێناوی پاراستنی ژینگە

ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە مامەڵەی گومرکی بەخشرا

+964

کامیار کەمال – پێنجوێن

لەمەودوا ئەو کەسانەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە دەروازە سنوورییەکانەوە دەهێنن بۆ هەرێمی کوردستان لە باجی گومرکی دەبەخشرێن، و تەنیا پارەی باج کە تایبەتە بە ساڵانە و مەنەفێستی ئۆتۆمبێلەکە وەردەگیرێت و بڕەکەی 460 هەزار دینارە.

شاخەوان بەکر، بەڕێوەبەری گومرکی باشماخ بە 964ـی وت، پێشتر ئۆتۆمبێلی هایبرێد لەکاتی داخڵبوونیدا لە مامەڵەی گومرکی بەخشرابوو، لە ئەمڕۆش بەدواوە بەپێی بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران ئۆتۆمبێلی کارەباییش دەبەخشرێت لەو مامەڵە گومرگییە.

وتیشی، بڕیارەکە بۆ هاندانە تاوەکوو هاوڵاتیان ئۆتۆمبێلی کارەباییان ئاسانتر دەسبکەوێت و ئەوەش لە پێناو پاراستنی ژینگە و پاکڕاگرتنیەتی.

باسی لەوەشکرد، تەنیا باج لەکاتی هەناردەکردندا وەردەگیرێت و ئەوەش بەگوێرەی ئۆتۆمبێلەکە بڕی پارەکە دیاری دەکرێت.

ئەوەشی خستەروو، پێشتر بڕیارەکە لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق جێبەجێ کراوە و ئێستاش لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.

”لە سەرەتایی ئەمساڵەوە نزیکەی 18 بۆ 20 هەزار ئۆتۆمبێل لە دەروازەی سنووری باشماخەوە داخڵی هەرێمی کوردستان بوون.” شاخەوان بەکر وای وت.

دەروازەی گومرکی باشماخ، دەروازەیەکی نێودەوڵەتییە و دەکەوێتە قەزای پێنجوێن و لەگەڵ شاری مەریوان بەستراوەتەوە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی تێدا دەکرێت.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار تۆن کاڵا لە باشماخەوە ئاڵوگ...

زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار تۆن کاڵا لە باشماخەوە ئاڵوگۆڕ کراوە