جامی بارهەڵگری تورکی دەشکێنن

سێ کەس لە لایەن پۆلیسی بەردەڕەشەوە دەستگیر کران

+964

هیڤی دێوالی – دهۆک

سێ کەس بەهۆی شکاندنی جامی چەند بارهەڵگرێکی تورکی لە لایەن پۆلیسی بەردەڕەشەوە دەستگیر کراون.

چەند رۆژێکە  ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی قەزای بەردەڕەش دەچنە سەر رێگای بەردەڕەش و بەرد لە بارهەڵگری تورکی دەگرن و جامی سەیارەکان دەشکێنن.

لە گرتە ڤیدیویەکدا کە دەست 964 کەوتووە، شوفێریکی بارهەڵگریی باکوری کوردستان بە هاوڕێکانی خۆی دەڵێت، ئاگادار بن لە رێگا چەند هاوڵاتیەک لەسەر شەقامی بەردەڕەش بەرد لە بارهەڵگرەکان دەگرن و جامیان دەشکێنن.

عەمید سەعدی بەرزنجی بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای بەردەڕەش بە 964ـی وت، سێ کەس لەلایەن پۆلیسی بەردەڕەشەوە دەستگیر کراون، بە هۆکاری ئەوەی کە ماوەیەکە دوو دیاردە لە قەزاکە سەری هەڵداوە، چەند کەسێک بە بەرد جامی ئۆتۆمبێڵی بارهەڵگری تورکی دەشکێن و چەند کەسێکیش لە رێگا بە سەیارە ئەشکێنەوە سەر ئەو سەیارانەی تابلۆیان تورکیایە.

وتیشی، ئەو سێ کەسەی دەستگیرکراون دوو لەوانە خەڵکی سەنتەری قەزای بەردەڕەشن و یەکێکیان خەڵکی ناحیەی کەڵەکچیە، لە ئێستادا لێکوڵینەوە لەگەڵیان دەکرێت و دوای ئەوە سزا دەدرێن.

لەدوای کوژرانی گەنجێکی ناحیەی کەڵەکچی لە وڵاتی تورکیا خەڵکی قەزای بەردەڕەش لە تۆڕە کومەڵایەتیەکان هەڕەشەی ئەوەیان کرد کە رێگری لە بارهەڵگرەکانی تورکیا دەکەن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی