ساغکردنەوەی 964

بە هەموو قسەیەک باوەڕ مەکەن نرخی گەنم کەمنەکراوەتەوە

964+

ئەحمەد مستەفا

مشومڕێکی سەرچاوە نادیار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەیدابووە کە ساڵی داهاتوو، نرخی وەرگرتنی یەک تۆن گەنم کەمکرابێتەوە، ژمارەیەک جوتیار لە کاریگەری ئەو مشتومڕانە لە کۆمێنت نوسیوویانە، “ئەمساڵ گەنم ناچێنن”.

ئەوەی باس دەکرێ ئەمەیە؛

حکومەتی عێراق نرخی وەرگرتنی گەنمی بۆ ساڵی 2025 کەمکردووەتەوە، یەک تۆنی پلە یەک بە 560 هەزار دینار، پلە دوو بە 480 هەزار و پلە سێ بە 420 هەزار وەردەگرێ.

بەڵام، 964 بە دوو ئاراستە ساغکردنەوەی بۆ مشتومڕەکان کرد و دەرکەوت، هیچ بڕیار و رێنماییەکی لەو شێوەیە لەلایەن حکومەتی عێراق دەرنەچووە، بگرە وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانی هەرێمی کوردستان، هاوتای وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق داوایان کردووە نرخی وەرگرتنی یەک تۆن بکرێت بە یەک ملیۆن دینار.

ئەمڕۆ سێشەممە 10.9.2024، نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە 964ی وت، “هیچ بڕیار و رێنماییەکی نوێ نییە دەربارەی دابەزاندنی نرخی گەنم، بەڵکو ئەوەی هەیە وەرگرتنی یەک تۆن هەر بەجێگیری و بە 850 هەزار دینار ماوەتەوە”.

ئەو وتی، ئەوان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق تێگەشتنیان بۆ ئەوە هەیە، ئەو بڕە پارەیەش هاوتای ئەرک و تێچووی بەرهەم نییە، بۆیە داوایان لە حکومەتی عێراق کردووە، “بە بڕیارێکی ناوەندی نرخی وەرگرتنی گەنم لە جوتیاران بەرزبکرێتەوە بۆ یەک ملیۆن دینار بۆ هەر تۆنێک”.

لەلایەکی دیکەوە، پێگە فەرمییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و وەزارەتی بازرگانی، هیچ بڵاوکراوەکیان دەرباری گۆڕانکاری لە نرخی گەنم نییە، کەسێک لە پۆستێکدا لە گرووپێکی کشتوکاڵی ئەو قسەوباسەی دروستکردووە، ژمارەیەک خەڵک لە کاردانەوەی ئەوەی ئەو بڕە پارە، بە زیان دەشکێتەوە بۆیان، نووسیویانە ئەمساڵ گەنم ناچێنن.

له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئەمساڵ وه‌رگرتنی گه‌نمی جوتیاران سنوردار کرا، کۆی گشتی 700 هەزار تۆن دانرا، لە کاتێکدا بەرهەم لە سنووری یەک ملیۆن تۆن بوو، هەر تۆنێک گەنمیش بڕی 850 هەزار دینار بۆ جوتیارەکەی دابینکرا، ئەوەشی مایەوە لە بازاڕی ئازاد جوتیارەکان دەیانفرۆشتەوە.

دیمەنی ئەو بڵاوکراوەی وەزارەتی بازرگانی رەتی دەکاتەوە؛

+964صورة من منصة (شبكة):