كێشه‌كه‌ دروستكردنى هۆڵێكه‌

قایمقامى حاجیاوا ئاماده‌یه‌ بچێته‌ به‌رده‌م دادگا

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ قه‌زاى حاجیاوا ده‌نگۆیه‌ك بڵاوكراوه‌ته‌وه،‌ گروپێك به‌ناوى ده‌سته‌ى خه‌مخۆران، سكاڵاى یاساییان له‌سه‌ر قایمقام و سه‌رۆكى شاره‌وانى تۆماركردبێت له‌سه‌ر بابه‌تى دروستكردنى هۆڵێكی بۆنه‌كان له‌ سه‌نته‌رى ئه‌م قه‌زایه‌، قایمقامیش ده‌ڵێت، تاوه‌كو ئێستا به‌فه‌رمى له‌و سكاڵایه‌ ئاگادار نه‌كراوه‌ته‌وه‌.

كێشه‌ى نێوان ده‌سته‌كه‌ و به‌رپرسانى ئیدارى حاجیاوا له‌سه‌ر دروستكردنى هۆڵێكی بۆنه‌كانه‌، ئه‌وانه‌ى دروستی ده‌كه‌ن پشتیان به‌ بڕیارێكی ئیداره‌ى راپه‌ڕینه‌وه‌ به‌ستووه‌ و ئه‌وانه‌ى دژى دروستكردنه‌كه‌شن، رێنماییه‌كانى وه‌زاره‌تى ئه‌وقافیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت، دروستكردنه‌كه‌ى نایاساییه‌.

له‌دوێنێوه‌ وا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌م ده‌سته‌یه‌ له‌ لایه‌ن داواكارى گشتی حاجیاوا سكاڵای یاساییان له‌سه‌ر ئه‌م دوو به‌رپرسه‌ تۆمار كردووه‌، 964 چه‌ند جارێك په‌یوه‌ندی به‌ دوو له‌ ئه‌ندامه‌كانى ئه‌م ده‌سته‌یه‌ كرد به‌ڵام وه‌ڵامى ته‌له‌فۆنه‌كانیان نه‌دایه‌وه‌.

ئه‌زوه‌ر جه‌عفه‌ر، قایمقامى قه‌زاى حاجیاوا (كه‌ تا ئێستا ده‌سه‌ڵاته‌كانى به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ به‌كارده‌هێنێت) به‌ 964ـى راگه‌یاند، تاوه‌كو ئێستا له‌و سكاڵایه‌ ئاگادار نه‌كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێن له‌سه‌ریان تۆمار كراوه‌.

وتیشی “هه‌ركاتێك ئاگادار بكرێمه‌وه‌ ئه‌چمه‌ به‌رده‌م دادگا و له‌ خزمه‌تیاندا ده‌بم”.

پێشتریش قایمقام به‌ 964ـى وتبوو، نووسراوى فه‌رمیان له‌ ئیداره‌ى راپه‌ڕینه‌وه‌ بۆ هاتووه‌ و بڕیاردراوه‌ هۆڵه‌کە له‌و شوێنه‌ دروست بكرێت، كه‌ ده‌ستنیشانیان كردووه‌.

هه‌رچی ده‌سته‌كه‌شن ده‌ڵێن ئه‌و شوێنه‌ى به‌نیازن هۆڵه‌كه‌ى لێ دروستبكه‌ن نه‌گونجاو و نایاساییه‌ چونكه‌ زه‌وییه‌كه‌ى ده‌كه‌وێته‌ نێوان دوو هۆڵى دیكه‌ى پرسه‌دانان، كه‌ یه‌كێك له‌و هۆڵانه‌ 60 مه‌تر و دووه‌میشیان 50 مه‌تر له‌شوێنه‌كه‌ دووره‌.

بە گوێرەی یاسای وەزارەتی ئەوقاف، كه‌ لەلایه‌ن پەرلەمانی کوردستانه‌وه‌ پەسەندکراوه‌ و له‌ ژماره‌ 243ـى رۆژنامه‌ى وه‌قائیعی کوردستان له‌ رۆژى 20.11.2019 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، لە کاتی دروستکردنی مزگەوت و هۆڵی بۆنەکان، مەرجە دووریی نێوانیان هه‌زار و 500 مه‌تر بێت.

پارچه‌ زه‌ویه‌ك له‌ حاجیاوا خه‌ڵكه‌كه‌ى كردووه‌ت...

پارچه‌ زه‌ویه‌ك له‌ حاجیاوا خه‌ڵكه‌كه‌ى كردووه‌ته‌ دوو به‌ره