"كه‌وه‌رته‌" به‌ناوبانگه‌كه‌یان بوو

هێشتا باڵه‌كایه‌تى له‌ چاندن و به‌رهه‌مهێنانى تووتن نه‌كه‌وتووه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ سنوورى چه‌ند گوندێكی باڵه‌كاتى بڕینه‌وه‌ و كۆكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مى تووتن ده‌ستیپێكردووه‌، كشتوكاڵى چۆمانیش ده‌ڵێت، توتنى سنووره‌كه‌یان له‌ جۆرێكی زۆرباشه‌ له‌ بازاڕیشدا ره‌واجى زۆرى له‌سه‌ره‌.

گونده‌كانى كۆیله‌، وه‌سان و سه‌ركان له‌و گوندانه‌ى باڵه‌كایه‌تین كه‌ هێشتا گرنگى به‌ چاندن و به‌رهه‌مهێنانى تووتن ده‌ده‌ن.

توتن، سەرەتا بە تۆو دەچێندێت و دواتر بە شه‌تڵ هەڵدەکەندرێت و ئینجا لە زەویه‌کی کێڵدراوی ئامادە کراو دەچێندێت

ساڵانه‌، لە مانگی حوزەیران دەست بە چاندنی دەکرێت و لەکۆتایی مانگی ئابیش ده‌بڕێته‌وه‌.

پێشتر جوتیاران وایان  تێبینی كردووه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنى ئەستێرەی گەلاوێژ لە ئاسمان، گەڵای توتنیش بەرەو زەردبوون دەچێت كاتى بڕینه‌وه‌وى دادێت.

دڵشاد حسێن ئیبراهیم، به‌ڕێوه‌به‌رى كشتوكاڵى چۆمان به‌ 964ـى وت، كۆمه‌ڵێك جوتیار له‌ سنوورى باڵه‌كایه‌تى هه‌ن به‌رده‌وامیان داوه‌ به‌ چاندن و به‌رهه‌مهێنانى تووتن.

وتیشی “نازانین به‌رهه‌مى ساڵانه‌ى ئه‌م جوتیارانه‌ چه‌نده‌ چونكه‌ دۆخى ئه‌و سێ گونده‌ى تووتنى لێبه‌رهه‌م دێت، به‌هۆى بوونى په‌كه‌كه‌ و به‌رده‌وامى بۆردومانى فڕۆكه‌كانى توركیا نائارامه‌و ناتوانين سەردانیان بکەین”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، پێشتر له‌ گوندى (كه‌وه‌رته‌)ى باڵه‌كایه‌تى به‌ناوبانگترین تووتن كه‌ هه‌ر به‌ناوى گونده‌كه‌وه‌ بوو ده‌چێندرا، به‌ڵام ماوه‌یه‌كی زۆره‌ له‌و گونده‌ ناچێندرێت.

روونیشیكرده‌وه‌ چاندن و به‌رهه‌مێنانى تووتن جوتیارى لێزان و تایبه‌تمه‌ندى ده‌وێت و هه‌موو كه‌سێك ناتوانێت ئه‌م كاره‌ بكات.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو ئه‌و تووتنه‌ى له‌ باڵه‌كایه‌تى به‌رهه‌مدێت له‌ بازاڕێكى تایبه‌تى سۆران و بازاڕه‌كانى دهۆك و هه‌ولێریش ساغده‌كرێته‌وه‌.

هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی تووتن دەستیپێکردووە

هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی تووتن دەستیپێکردووە