کورسی زیاتر لە بەشە زانستییەکان ئامادە دەکرێت

وەزارەتی خوێندنی باڵا رێکاری تازەی لە بەرژەوەندی دەرچووانی پۆلی 12 داناوە

+964

ژێوار خدر

وەزارەتی خوێندی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئامادەکارییەکانی دەستپیکردووە بۆ وەرگرتنی دەرچووانى پۆلى دوانزەى ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگە حکومیەکان بۆ ساڵى خوێندنى (2024-2025)، کورسی زیاتر لە بەشە زانستییەکان بۆ دەرچووانی پۆلی 12 ئامادە دەکرێت.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 8.9.2024 کۆبوونەوەیەک ئەنجام دراوە، کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتى د.خەتاب ئەحمەد شێخانى، بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون و بەئامادەبوونى یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆکان و بەڕێوەبەرى تۆمارى گشتیی زانکۆکان بەڕێوەچووە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لە بارەى شێواز و میکانزمەکانى وەرگرتنى دەرچوانى پۆلى دوانزدەى ئامادەییەوە کراوە.

بەپێی بڵاوکراوەکەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان، وەزارەتی خوێندنی باڵا دەیەوێت زۆرترین دەرفەتى خوێندن بۆ دەرچوانى پۆلى دوانزەى ئەمساڵ بڕەخسێنێت، بۆ ئەوەش بەڕێوەبەرانی تۆمارى زانکۆکان راسپێردراون بە پلانى وەرگرتنی خوێندکاراندا بچنەوە، بەجۆرێک کورسى زیاتر لە بەشە زانستیەکان بۆ دەرچووانى پۆلى دوانزە ئامادە بکەن.

دەشڵێت، پێداچوونەوە بە کەمترین کۆنمرەى بەشێک لە بەشە زانستیەکان کراوە، بەتایبەت ئەوانەى پەیوەستن بە کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتیەکان، ئەوە جگە لە پێداچونەوە بە مەرج و ڕێنماییەکانى وەرگرتن لە سیستمەکانى وەرگرتن بە رێگەى زانکۆلاین، پارالێل، ئێواران، خوێندنى پیشەیی و وەزارەتەکانى پەروەردە، تەندروستى و یەکەمى بەشە زانستیەکان.

بڕیاریشە بەمزووانە زانکۆڵاین چالاک بێت، داوا لە خوێندکاران دەکرێت کە خۆیان بەدوور بگرین لە پڕکردنەوەی فۆرمی زانکۆڵاین لە سەنتەرەکان، بەڵکو مەڵبەندى راوێژکارى زانکۆکان بەکاربهێنن بۆ ئەو مەبەستە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا: هەوڵی دامەزراندنی سێ یەکەمەکان ...

وەزارەتی خوێندنی باڵا: هەوڵی دامەزراندنی سێ یەکەمەکان دەدەین