کاندیدەکان ئاگادار دەکرێنەوە

“بەهیچ شێوەیەک ناتوانن مۆنۆمێنتى هەڵەبجە بۆ بانگەشە بەکاربهێنن”

964+

وریا فەتاح

بەڕێوەبەرى مۆنۆمێنتى شەهیدانى کیمیابارانى هەڵەبجە، کاندیدەکان ئاگادار دەکاتەوە کە بەهیچ شێوەیەک ناتوانن مۆنۆمێنتەکە بۆ بانگەشە بەکاربهێنن.

محەمەد محەمەد سەعید، بەڕێوەبەرى مۆنۆمێنتى شەهیدانى کیمیابارانى هەڵەبجە
نامانەوێت لە مۆنۆمێنتەکەوە پەیامى زبر و رق بچێتە دەرەوە و لایەنێک و کەسانێکى پێ بریندار بێت، چونکە پەیامى سەرەکى مۆنۆمێنتەکە پەیامى ئاشتییە

لە نوسراوێکدا، محەمەد محەمەد سەعید، بەڕێوەبەرى مۆنۆمێنتى شەهیدانى کیمیابارانى هەڵەبجە، ئاگادارى سەرجەم کاندیدان و لایەنە سیاسییەکان و راگەیاندنەکان دەکاتەوە، بە هیچ شێوەیەک رێگەیان پێنادرێت مۆنۆمێنتى شەهیدا بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن بەکاربهێنن.

بەپێى ئاگادارییەکە بێت، جگە لە مۆنۆمێنتەکە رێگە نادرێت کاندیدان گۆڕستانى سیمبیولى شەهیدانى کیمیابارانیش بەکاربهێنن.

محەمەد محەمەد سەعید، لەسەر نوسراوەکە بە 964ـى وت،”مۆنۆمێنتەکە دامەزراوەیەکى نیشتمانییە و پەیامى ئاشتى هەڵگرتووە، نامانەوێت ببێتە شوێنى ململانێ و پەیامى نادروست، بۆیە بۆ ئەوەى بەم شێوەیە بمێنێتەوە تا بانگەشە تەواو دەبێت رێگە بەهیچ کەناڵ و کاندید و لایەنێکى سیاسی نادرێت مۆنۆمێنتەکە بەکار بهێنێت”.

جەختیش دەکاتەوە، ئەو ئاگادارییە هەموو کەناڵ و کاندید و لایەنە سیاسییەکان بەبێ جیاوازى، دەگرێتەوە.

گۆڕستانه‌ جیاوازه‌كانى شەهیدانى هه‌ڵه‌بجه‌ سه‌وز ...

گۆڕستانه‌ جیاوازه‌كانى شەهیدانى هه‌ڵه‌بجه‌ سه‌وز ده‌كرێن