"بێهزاد خوسرەوى رادەستکراوەتەوە"
دیموکرات وەڵامى دەزگاى ئاسایش دەداتەوە
964+
وریا فەتاح
دواى ئەوەى شەوى رابردوو دەزگاى ئاسایشى هەرێم لە روونکردنەوەیەکدا بڵاوى کردەوە کە بێهزاد خوسرەوى لەسەر داواى خۆى گەڕێنراوەتەوە بۆ ئێران، حزبى دیموکرات وەڵامى دەداتەوە دەڵێت،” بێهزاد، لەلایەن ئاسایشەوە رادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کراوە”.
دەزگاى ئاسایشى هەرێم لەسەر رادەستکردنەوەى بێهزاد خەسرەوى روونکردنەوە دەدات
بەپێى راگەیەنراوى ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دیموکرات، لە ماوەی دوو هەفتەى رابردوودا بێهزاد خوسرەوی، خەڵکی سەقز، ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، نیشتەجێ لە شاری سلێمانی لەلایەن دەزگای ئاسایشی حکوومەتی هەرێم لە سلێمانى دوو جار بانگکراوە و جاری دووهەم دوای چەند رۆژ بەندکردن و راگرتن، رادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کراوە.
هەرچەندە لە راگەیەندراوی دەزگای ئاسایشی هەرێمدا هاتووە، هۆکاری گرتن و رادەستکردنی بێهزاد خوسرەوی بە کۆماری ئیسلامیی بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە کە ناوبراو مۆڵەتی نیشتەجێ بوونى لە هەرێمی کوردستانی نەبووە و هیچ پێوەندییەکی بە لایەنێکی سیاسییەوە نەبووە، بەڵام دیموکرات لە راگەیەنراوەکەیدا دەڵێت: بێهزاد خوسرەوی ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە لەگەڵ دایک و خوشکی لە هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی دەژین و بەپێ هەموو بەڵگە بەردەستەکان، لە نشینگەی شاری سلێمانی مۆڵەتى مانەوە و نیشتەجێبوونیان وەرگرتووە و مانەوەیان لەو شارە یاسایی و بەپێی رێوشوێنەکانی حکوومەتی هەرێم بووە.
“تەنانەت وەک پەناخوازی سیاسی لە کۆمیساریای بەرزی پەنابەران، نوێنەرایەتیی UN لە هەرێمی کوردستان ناوی تۆمار کردوە، هەروەها ماوەی حەوت ساڵە خۆی و بنەماڵەکەی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون و لە هەموو ئەو ماوەیەشدا لە چوارچێوەی یاسا و رێوشوێنەکانی حکوومەتی هەرێم لە سلێمانی ژیاوە و هیچ لادان و سەرپێچییەک لە ناوبراو رووی نەداوە کە لە مەحکەمە و دادگایەکدا لەسەری سەلمابێت”، دیموکرات لە راگەیەنراوەکەیدا وا دەڵێت.
حزبى دیموکرات وێڕاى ئیدانەکردنى رادەستکردنەوەى ئەو ئەندامەى بە ئێران، رادەگەنێت کە دۆسیەی گرتنی بێهزاد دەبوا بەپێی یاسا لە دەزگای دادی هەرێمی کوردستاندا بڕیاری لەسەر درابا، نەک کە ئەندامی حیزبێکی سیاسیی دژبەری کۆماری ئیسلامی و پەناخوازی سیاسی نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستانە، لەلایەن دەزگای ئاسایشی سلێمانییەوە رادەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرابا.