بە فڕۆکەى ئێف16
سێ چەکدارى داعش کوژران و موڵگەکانیان خاپوورکران
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
کاتژمێر 7:00ـی ئێوارەی ئەمرۆ لەزنجیرە چیای حەمرین چەند مۆڵگەیەکی چەکدارانی داعش بە فڕۆکەى ئێف16بۆردومان کران و سێ چەکداریش کوژران.
محەمەد عەبدوڵا، بەرپرسی بەشی راگەیاندنی پۆلیسی گشتیی خورماتوو بە 964ـی وت،”لەسەر بنەمای زانیاری ھەواڵگری شوێنی ئەو چەکدارانە دیاریکراوە و بەھاوبەشی لەگەڵ ھێزی ئاسمانی عێراق و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان توانرا مۆڵگەکانی چەکدارانی داعش بۆردومان بکرێت”.
” لە بۆردومانەکەدا سێ چەکداری داعش کوژران و کەرەستەی تەکنیکی و خۆراکی چەکداران لەناو مۆڵگەکان لەناوبران و خاپورکران”،محەمەد عەبدوڵا واى وت.
زنجیرە چیای حەمرین دەکەوێتە ناوچە بۆشاییە ئەمنییەکانى نێوان سوپاى عێراق و هێزى پێشمەرگە، ناوە ناوە کێوماڵ و ئۆپەراسیۆنی ھێزە ئەمنیی و سەربازییەکان ئەنجامدەدرێت بۆ نەھێشتنی چەکدارە پاڕاگەندەکانى داعش.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح