لە هەرێمى کوردستان
ئەشکەوتێکى هەڵکۆڵراو چیرۆکى سەرەتاى سەرهەڵدانى مەسیحییەت دەگێڕێتەوە
964+
وریا فەتاح
لە یەکێک لە چیاکانى هەرێمى کوردستان، ئەشکەوتێکى شوێنەوارى هەیە کە دەوترێت هەڵکۆڵراوە، نوسەرێکى بوارى گەشتوگوزاریش دەڵێت، شاخ هەڵكۆڵین كارێكی سەختە، لەوەش سەختر دروستكردنی ژوور و بەشە بە دیزاینێكی پڕ لە هونەری جوان کە لەو ئەشکەوتەدا هەیە.
نادر رۆستى، وتهبێژى پێشووى دهستهى گهشتوگوزارى ههرێمى كوردستان نوسەر لە بوارى گەشتوگوزار، لە یەکێک لە چیاکانى هەرێمى کوردستان سەردانى ئەشکەوتێکى سەرنجڕاکێش و مێژووى کردووە کە لە سەردەمانى پێشوو وەک قوتابخانەیەک بەکارهێنراوە.
ئەو بە 964ـى وت،”وەك بۆیان باسكردم ئەم شوێنە قوتابخانەی سەرتای سەرهەڵدانی مەسیحیەت بووە و لە یەكێك لە چیاكانی هەرێمی كوردستان دروست كراوە”.
“چیرۆکەکە ئەوەیە، قەشەیەكی كریستان لە شاری ئورفای باكوری كوردستان بۆ بڵاوكردنەوەی ئاینی مەسیحی لە سەدەی سێیەمی زاینی دێتە عێراق و هەرێمی كوردستان و ئاینی مەسیحی بڵاو دەكاتەوە و ئاشورییەكان لە دەوری كۆ دەبنەوە، بەڵام لە لایەن دەسەڵاتی ئەو كات رێگری لە قەشەكە دەكرێ و دەردەكرێ، قەشەكەش روو لە یەكێك لە چیاكان دەكات و لە ئەشكەوتێك دەمێنێتەوە و پەیوەندی بە لایەنگرانی دەكات، ژمارەیەك لەوانەی باوەڕیان هێنابوو دەچنە لای و دەمێنەوە ، دواتر لەناو شاخ ئەم شوێنە بۆ عیبادەت و خوێندنی ئاینی دروست دەكەن، هەندێك بۆچوونیش پێیان وایە كە پێشتر لە سەردەمی ئاینی میترای یان زەردەشتی دروست كراوە، بەڵام دواتر لە لایەن پیاوانی ئاینی مەسیحی بەكار هاتووە “، نادر رۆستى واى بە 964 وت.
هەرچەندە لەبارەى چیرۆکەکەوە دڵنیا نییە تا چەند راستە یان ناڕاستە، بەڵام وەک دەڵێت چەند کەسێک بەباشى لەبارەى ئەو چیرۆکەوە دەزان.
ئەو نوسەرە کە خاوەنى پێنج کتێبە لەبوارى گەشتوگوزار، لە هەمان کاتدا وەک شاخەوان سەردانى بەشێکى زۆر لەو ناوچە شوێنەواریى و گەشتیارییانە دەکات کە تائێستا نەخراونەتە لیستى ناوچە گەشتیاریى و شوێنەوارییەکان و بەبێ ناوهێنانیان زانیارییان لەبارەوە دەخاتەڕوو.
بۆچى ناوى ئەشکەوتەکە و شوێنەکەى ئاشکرا نەکراوە؟
ئەوەى ئەم بابەتە دەخوێنێتەوە پرسیارى ئەوەى لەلا دروستبووە کە ئەو ئەشکەوتە دەکەوێتە کوێ، نادر رۆستى لە وەڵامى ئەمەدا وتى،” بەرپرسیارێتى ئەو شوێنە هەڵناگرم، بۆیە شوێنەکەى ئاشکرا ناکەم، چونکە رەنگە مەترسى لەسەر دروست ببێت و من ئەزمونى ئەوەم هەیە کە هەندێ شوێن شێوێنراون و تەقێنراونەتەوە”.
باسى لەوەشکرد، هیوادارە ئەو شوێنە بە گەشتیارى بکرێت و بپارێزرێت، چونکە بەبێ ئەوە ئاشکراکردنى مەترسى لەسەر دروستدەکات.