بۆ زستانیانە

 جوتیارانى پێنجوێن لەسەر ئەرکى خۆیان پردێک دروست دەکەن

964+

کامیار کەمال_ پێنجوێن

لەسەر ئەرکى خۆیان و پارەى گیرفانیان جوتیارانی دەشتی دەربەند لە قەزای پێنجوێن پردێکى پەڕینەوە دروست دەکەن و دەڵێن، نازانن چەندى تێدەچێت، بەڵام هەرچەندێک بێت کۆڵى لێنادەن و دواتر لەنێوان خۆیاندا کۆى دەکەنەوە.

جەمال مەجید یەکێک لە جوتیارەکان کە سەرپەرشتی کارەکە دەکات بۆ 964 باسى لەوەکرد، ساڵانە لە وەرزی زستان و سەرەتای بەهار ئاوێکی زۆر بە جۆگەکەدا دێت کە دەچێتەوە سەر چەمی گەورەی پێنجوێن و رێگا دەگرێت، بۆیە بڕیاریان داوە پردێک دروست بکەن.

“زیاتر لە 60 خاوەن زەوى سوود لە پردەکە دەبینن و رێگاى هیچ گوندێکى بەسەرەوە نییە، بەڵام رێگاى زەوى ژمارەیەک جوتیارە”، جەمال مەجید واى وت.

ئەو جوتیارانە لە گیرفانى خۆیان و بە دەستى خۆیان قۆڵیان لە ئیشەکە هەڵکردووە و کارى تێدا دەکەن، لە بارەى تێچوى پردەکەشەوە، سەرپەرشیارەکەى باسى لەوەکرد، نازانن چەندى تێدەچێت، بەڵام هەرچەندێک بێت لە کۆتاییدا لە نێوان خۆیاندا کۆیدەکەنەوە.

روونیشى کردەوە، هیچ داوایەکیان لە حکومەت نەکردووە و خۆیان ئەنجامیانداوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح