سەرکردەیەکی کۆمەڵە: گواستنەوەمان شەش مانگی بۆ دانراوە

964+

دیلان محەمەد جەزا

“ئەوەی روودەدات ماوەی شەش مانگی بۆ دانراوە، هەر سێ حزبی کۆمەڵە و خێزانەکانیان دەبێت لەو ماوەیدا بگوازنەوە بۆ کەمپی سورداش لە قەزای دوکان”، ئەمە قسەی سەرکردەیەکی کۆمەڵەی کۆمۆنیستی ئێرانە بۆ 964.

بەیانی ئەمڕۆ هێزی ئەمنی کە ساغ نەبووەتەوە، بەشداری هێزەکان بە دیاریکراوی کێ و کێن، چوونەتە ناوچەی زرگوێز و زرگوێزەڵە لە باشووری سلێمانی، بە قسەی بەرپرسانی کۆمەڵە، پێیان وتوون دەبێت، “کۆمەڵەکان و خێزانەکانیان بۆ کەمپی سورداش ماڵ و حاڵیان بگوازنەوە”.

کۆمەڵەی کۆمۆنیست، زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی کوردستان لە ناوچەکە هەن، دیاریکراو نییە ژمارەی خێزان و کادرانیان چەندە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5.9.2024، ئەو سەرکردەیەی کۆمەڵەی کۆمۆنستی ئێران کە کە قسەی بۆ 964 کرد، وتی لێدوانی فەڕمیمان بەهۆی هەستیاری دۆخەکەوە راگرتووە، بەڵام “راستە ئەوەتا هێزەکانی ئاسایش هاتوون و لێرەن و ئۆتۆمبێل هێندراوە و ژمارەیەک خێزان دەچن لە کەمپەکە نیشتەجێ دەبن”.

ئەو سەرکردەیە نارەزایەتی کۆمەڵەکەی لە بڕیاری گواستنەوەیان دەربڕی و وتی ، “ئێمە بەهیچ جۆرێک لە پڕۆسەکە رازی نین، ئەو داواکارییانەی لە رێککەوتنی ئەمنی ئێران و عێراقدا ئاماژەی پێ کراوە لێرە هەموویمان جێبەجێ کردووە و دەمانویست بمێنینەوە”.

ئەو پڕۆسەکەی بە “شەڕێکی دەروونی” لەگەڵ پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران وەسفکرد و وتی، “ئێرە گوندێکی کوردستانە، شەهید و لە دایکبوونمان لێرە بووە و لە ساڵی 1988 ئێرە جێگەی ئێمەیە”.

هەر ئەمڕۆ لە بارەی پڕۆسەکەوە 964 پەیوەندی بە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە کرد، بەڵام ئەوان هیچ قسەیەکیان لەسەر پڕۆسەکە نەبوو.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا