لە شاری رانیە
ئەمڕۆ دووەمین فێستیڤاڵی هونەری کلتوری بەڕێوە دەچێت
+964
ژێوار خدر
بڕیار وایە ئەمڕۆ پێنجشەممە 5.9.2024، کاتژمێر 8:00ـی شەو لە پارکی دەروازەی شاری رانیە، دووەمین فێستیڤاڵی هونەری کلتوری بەڕێوەبچێت، بە بەشداری کۆمەڵێک گروپی موزیک لە چەند شارێکی جیاوازی کوردستانەوە.
هیوا مستەفا، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری راپەڕیم بە 964ـی وت، ئەمە دووەمین ساڵە کە ئەم فێستیڤاڵە بەڕێوەدەچێت، ئەمساڵ جیاواز لە پار لە شارەکانی دیکەشەوە چەند گروپێکی موزیک بەشداری فێستیڤاڵەکە دەکەن.
وتیشی، شەش گروپی موزیکی جیاواز لە شارەکانی: رانیە، قەڵادزێ، سلێمانی و کۆیەوە بەشداری دەکەن، ئامانج لە ئەنجامدانی ئەو فێستیڤاڵە ئەوەیە پەرە بە چالاکی و ژێرخانی هونەری دەڤەرەکە پەرەی پێبدرێت.
روونیشیکردەوە، بەهۆی نەبوونی بودجەوە نەمانتوانیوە فێستیڤاڵەکە وەکو پێویست بەرفراوان بێت، بەڵام لە پلانماندایە لە ساڵانی داهاتوودا زیاتر پەرەی پێبدەین و بیکەین بە فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی و لە وڵاتانی دیکەشەوە بەشداری بکرێت.