لە ترسی دزینیان محاویلەكانیان بە زنجیر بەستووەتەوە
964+
زەید كۆچەر- بەردەڕەش
خاوەن باخەكانی سنوری قەزای بەردەڕەش کە بیری ئیرتیوازیان هەیە دەناڵێنن بەدەست دزینی محاویلەی باخەكانیانەوە، هاوکات پۆلیسیش بەڵێننامەی پێ پڕکردوونەتەوە کە گلەیی نەكەن و محاویلەكانیان لەحیم بكەن و بیانبەستنەوە.
لە بەردەڕەش هەزار و 70 بیر هەیە، 220یان حكومین و 850یان بیری ناحكومین، هاوڵاتیان لەسەر ئەركی خۆیان دروستیان كردوون.
حكومەتی هەرێمی كوردستان محاویلەی كارەبای بۆ 220 بیرە حكومیەكە دابینكردووە و ئەو بیرانەش كە خەڵك خۆی دروستی كردووە خۆیان محاویلەیان بۆ كڕیوە.
شەهاب شەڕڤانی، یەكێكە لەو خاوەن بیرانەكەی كە پێشتر محاویلەكەی دزراوە دەڵێت “پێشتر محاویلەی باخەكەم دزراوە، بەڵام ئێستا محاویلەیەكی تازەم كڕیوە و بۆ ئەوەی نەدزرێت بە زنجیر بەستوومەتەوە”.
لە سەرەتای ساڵی 2023ەوە 20 محاویلەی هاوڵاتیان لەو دەڤەرە دزراوە و تا ئێستاش هیچ كەسێك دەستگیرنەكراوە.
نرخی یەك محاویلە لە كڕینەوە تا بەستنی لە شوێنی كاركردنەكەی دەگاتە پێنج هەزار دۆلار.
سەعید بەرزنجی، بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی بەردەڕەش بە تۆڕی 964ی راگەیاند “ئێمە ئاگادارین خاوەن بیرەكان دزییان لێدەكرێت، بەڵام كەس تا ئێستا سكاڵای تۆمار نەكردووە و ئێمەش لە تواناماندا نییە بیرەكان بپارێزین چونكە ناتوانین بۆ هەر بیرێك پاسەوانێك دابنێین”.
بە قسەی بەرزنجی، بەڵێننامە بە جوتیارەكان پڕكراوەتەوە كە كەس گلەیی لە پۆلیس نەكات لە كاتی دزینی محاویلەكاندا وئامۆژگاریشكراون محاویلەكە لەحیم بكەن بۆ ئەوەی كەس نەتوانێت بیدزێت.
محاویلەی كارەبا رێگە دەدات بە گواستنەوەی کارەبا بەشێوەیەکی چالاک بۆ شوێنە دوورەکان و لەوێشەوە بۆ نوسینگە و خانووەکان ھەرچەندە ئەم شوێنانەش لە وێستگە کارەباییەکان دووربن.