کاریگەری چی بووە؟
وەزارەتەکانی عێراق زیاتر لە چوار ترلیۆن دینار قەرزداری پارەی کارەبان
964+
ئەحمەد مستەفا
کۆی قەرزی کارەبای وەزارەتەکانی حکومەتی عێراق، گەیشتووە بە زیاتر لە چوار ترلیۆن و 500 ملیۆن دینار، کە بەشێکیان بەهۆی رۆتینی دارایی و بەکارهێنانی داهاتەوە، نەیاتوانیوە تەواوی قەرزەکانیان بدەنەوە.
ئەوە لە کاتێکدا، ئەندامێکی لیژنەی دارایی دانەوەی ئەو قەرزانە بە دۆخێکی ئەرێنی دەبینێ بۆ باشبوونی دۆخی پێدانی کارەبا.
ئەمڕۆ سێشەممە 3.9.2024، محەمەد نوری، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی وتووە، لیژنەکەیان میوانداری وەزیری کارەبای کردووە سەبارەت بە پرسی کۆکردنەوەی داهاتی وەزارەتەکەی، لە رێگەی گفتوگۆکانەوە لیژنەکە بۆی دەرکەوتووە، کە دواکەوتن لە پێدانی باج لەلایەن هەندێک لە فەرمانگەکانی حکومەتەوە هەیە.
بڕی ئەو قەرزەی وەزارەتی کارەبا لەسەر وەزارەت و دامودەزگاکانی دەوڵەت کەڵەکەبووە زیاتر لە چوار ترلیۆن و 500 ملیۆن دینارە، محەمەد نوری ئاماژەی بەوەکردووە، “ئەوە یەکێکە لە هۆکارەکانی کاریگەری لەسەر کارەکانی وەزارەتی کارەبا، بەو پێیەی پەیوەستە بە دارایی و داهاتی بەردەستەوە”.
ئەو ئەندامەی لیژنەکە دەڵێت، کارەکانی وەزارەت سەرکەوتوو بووە سەبارەت بە پرسی کۆکردنەوەی داهات لە کەرتەکانی نیشتەجێبوون، بازرگانی و کشتوکاڵ، بەڵام رۆتینی دارایی هەیە و پێشبینی دەکەین وەزارەتەکان هاوکاربن لە پێدانی ئەوەی قەرزارن بۆ باشترکردنی دۆخی کارەبا.