حەکیم لوقمان ئەو گەنجەى پارێزگاى دهۆک لە ئیستانبوڵ کوژرا
"لەسەر قسەکردن بە زمانى کوردى نەکوژراوە"
لەسەر کوشتنى گەنجە کوردەکە سەرۆکایەتى کۆمارى تورکیا هاتە دەنگ
964+
وریا فەتاح
جێگرى سەرۆک کۆمارى تورکیا لەسەر کوشتنى گەنجە کوردەکە هاتە دەنگ و دەڵێت، کێشەمان لەگەڵ ئەوانە نییە کە بەزمانى کوردى قسە دەکەن و گەنجە کوردەکەش لەسەر قسەکردن بە زمانى کوردى نەکوژراوە.
جەودەت یەڵماز، جێگری سەرکۆماری تورکیا، لە روونکردنەوەیەکدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویکردەوە،”لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کە رووداوەکە دوور و نزیک پەیوەندی بە قسەکردنی کوردییەوە نەبووە، بەڵکو بەهۆی دەمەقاڵێی جیاوازەوە بووە”.
یەڵماز وێڕاى رەتکردنەوەى ئەوەى کە گەنجەکە لەسەر قسەکردن بە زمانى کوردى نەکوژراوە دەشڵێت: ئەوە دەنگۆیانە بە ئامانجگرتنى حکومەت و هاوپەیمانە سیاسییەکانە.
”ئێمە کێشەمان لەگەڵ ئەو هاووڵاتیانەمان یان هیچ کەسێکی دیکەدا نییە کە بە زمانی کوردی قسە دەکەن، کێشەمان لەگەڵ ئەوانەدا هەیە کە هەوڵی دابەشکردنی وڵاتەکەمان دەدەن “، جێگرى سەرۆک کۆمارى تورکیا واى وت.
جێگرى سەرۆک کۆمارى تورکیا باسى لەوەشکردووە کە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن گەنجەکە لەلایەن هاوڵاتییەکى خەڵکى باتمانەوە لەسەر دەمەقاڵێى جیاواز کوژراوە، بەڵام جێگرى سەرۆک کۆمارى تورکیا ناوەڕۆکى دەمەقاڵێى جیاوازى روون نەکردووەتەوە.
هەرچى کەسوکارى حەکیم لوقمانە، رایانگەیاندووە کە کوڕەکەیان لە ئیستانبوڵ لەسەر قسەکردن بە زمانى کوردى لەلایەن گروپێکەوە هێرشى کراوەتەسەر و بە چەقۆ کوژراوە.