گردبوونەوە و نیگەران بوون

پارێزگای هەڵەبجە “بەڵگەی ناشایستەیی” لە دەرچووانی یاسا وەرگرت

964+

ئەمەل ناجی – هەڵەبجە

لە هەڵەبجە داواکردنی زانیاری کەسی بۆ دامەزراندن، لە ژمارەیەک دەرچووی یاسا لە کۆی 158 کەس، بەشێک لە دەرچووانی کۆلێژی یاسای لە شارەکە تووڕە کردووە و دەڵێن، “ئێمە شایستەین، بەڵام ئیمەیڵی دامەزراندن بۆ کەسانی ناشایستە رۆشتووە”.

ئەمڕۆ یەکشەممە 1.9.2024، ئەو دەرچووانە چوونە بەردەم باڵەخانەی پارێزگای هەڵەبجە و لەگەڵ جێگری دووەمی پارێزگار کۆبوونەوە، بە گوێرەی بەدواداچوونی پەیامنێری 964، “لایەنی پارێزگا بەڵگەکانیان لێ وەرگرتوون”.

ژیلە جەبار، یەکێکە لە نوێنەرانی دەرچووانی بەشی یاسا، بە 964ی وت، “158 کەس لە دەرچووانی بەشی یاسا فۆرمیان پڕکردووەتەوە، و لە ژمارەیەش ئیمەیڵ بۆ 48 کەس نێردراوە کە بەڵگەنامە و زانیارییە کەسییەکانیان بنێرن، بەڵام ژمارەیەک لەوانەی ئیمەیڵیان بۆ رۆشتووە، ئێمە بە بەڵگەوە دەیسەلمێنین کە شایستەی دامەزراندن نین و ئێمە لەوان شایستەترین”.

لە کاتی پڕکردنەوەی فۆرمەکەدا، لە یەکێک لە بڕگەکانی ئەزموونی کاردا، داوای بڕی مووچەی مانگانە کراوە،  “ئێمە وەک پارێزەران، ھیچ بڕە پارەیەکی دیاریکراوی مانگانەمان نییە، ئەمەش ناڕوونی لە پڕکردنەوەی فۆرمەکەدا درووستکردبوو، ئێمەش ئەزموونی کارمان نەنووسیووە، بەو ھۆیەشەوە لە خاڵبەندیدا، خاڵی کەممان بۆ ھەژمار کراوە”، ژیلە جەبار، ئەمەی وت.

لە بارەی نیگەرانی ئەو دەرچووانە، شاھین حەمەڕەزا، جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە بە 964ی راگەیاند، “ئەو بەڵگانەی کە دەرچووەکان پێیان بووە، ھەندێک ناون کە دەڵێن شایستە نین، و بەڵگەکانیان لێوەرگیراوە، ھەر لە کۆبوونەوەکەشدا کە لەگەڵ نوێنەرەکان ئەنجامماندا، قسەمان لەگەڵ ئەنجومەنی راژەدا کرد”.

ئەو وتی، “چاوەڕێی وەڵامی ئەنجومەنی راژەی هەرێمی کوردستان دەکەین، چونکە دامەزراندن لە دەسەڵاتی پارێزگادا نییە و لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی راژە دایە”. لە ھەفتەی رابردوودا، ئیمەیڵ بۆ 918 کەس نێردرا، تاوەکو دڵنیا ببنەوە لە راستی بەڵگەنامەکانیان، دوای دڵنیابوونەوە، 614 کەس بۆ سەرجەم دامودەزگاکانی پارێزگای ھەڵەبجە دادەمەزرێن کە ژمارەیەکیان دەرچووانی یاسا دەبن.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

دەرچووی کارگێڕی یاسایە و خەریکی داهێنانە لە فیزیادا

دەرچووی کارگێڕی یاسایە و خەریکی داهێنانە لە فیزیادا

دەرچووانی کشتوکاڵی لە پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت دادەمەزر...

دەرچووانی کشتوکاڵی لە پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت دادەمەزرێن