زبڵخانەی نوێ دەکرێتەوە
تەقتەق لە بۆنی ناخۆشی زبڵخانەکان رزگاری دەبێت
964+
ژووری هەواڵ
شوێنێکی نوێ بۆ فڕێدانی زبڵ و خاشاک لە تەقتەق دیاریکرا و لەئێستا کاری تێدا دەکرێت، سەرۆکی شارەوانی ناحیەکەش دەڵێت، بەتەواوبوونی شوێنەکە کێشەی پەیوەست بە شاردنەوەی خاشاک و پاشماوە زیانبەخشەکان چارەسەر دەبێت.
ئەو شوێنەی کە دیاریکراوە دەکەوێتە باکوری رۆژئاوای تەقتەق، بە شۆفڵ و حەفارە و ئامێری دیکە چەوڕێژ دەکرێت و ماوەی چوار رۆژە کاری تێدا دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 1.9.2024، نەمر نیازی کاکەڕەش، سەرۆکی شارەوانی تەقتەق بە 964ـی راگەیاند، حکومەتی هەرێم رەزامەندی لەسەر شوێنە نوێیەکە داوە، تەنیا ماوە بودجەکەی پەسەند بکرێت کە بڕی نۆ ملیۆن دینارە.
بە وتەی سەرۆکی شارەوانی تەقتەق، شوێنەکە دوورەدەستە و نزیک نییە لە هیچ پرۆژەیەکی کشتوکاڵی و نیشتەجێبوون.
لە ماوەی رابردوودا ئیدارەی تەقتەق شوێنێکی نوێیان دەستنیشانکرد بۆ زبڵخانە کە دەکەوێتە ناوچەی کەوردیان لەسەر رێگەی تەقتەق – سێگردکان، بەڵام خەڵکی نزیک ناوچەکە لە شوێنەکە ناڕازیبوون، گلەیی و سکاڵای زۆریان هەبوو، بەو هۆیەوە شوێنەکە لابرا.
“لەئێستادا کێشەکە چارەسەر کراوە و داواکارین لە هاوڵاتیان زبڵ و خۆڵ و خاشاک لەسەر شەقامە گشتییەکان فڕێ نەدەن و نەبنە مایەی زیان و ژینگەیەکی ناتەندروست”، شارەوانی تەقتەق وا دەڵێت.
لە تەقتەق بە هۆکاری ئاوی زێی بچووک، زۆربەی زەوییەکانی ئەو ناوچەیە کراون بە کشتوکاڵ و شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵ و حەوزی ماسی، بۆیە دیاریکردنی زەوییەک بۆ فڕێدانی زبڵ و پاشماوە، کارەکانی ئیدارەی تەقتەقیان قورس کردووە و تا ئێستا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.