27 رۆژ بەسەر بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان تێدەپەڕێت

هێشتا ژینگەی هەولێر پیسە و ئاسمانی تەمە

964+
ئەرسەلان عەبدوڵا

لەگەڵ ئەوەی 27 رۆژ بەسەر بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكانی هەولێر تێدەپەڕێت، بەڵام گۆڕانكارییەكی کەم لە كەشوهەوا و ژینگە و ئاسمانی شارەكە نابینرێت و ئەو بۆن و دووكەڵە پیسەش بە روونی دیارە و هێشتا هەستی پێدەكرێت، بەڵام بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر دەڵێت، ئێستا رەوشی ژینگەی هەولێر باشترە.

رۆژى 4.8.2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر لە بەردەم مایکى میدیاکان حەوت خاڵى خوێندەوە کە وەک بڕیار لە بارەى ژینگەى هەولێرەوە دەرکرابوون، سەرەکیترینیان داخستنى 138 پاڵاوگەى نایاسایى بوو، ئەوەی 964 بەدواداچوونی بۆ كرد، تا 18ی ئەم مانگە تەنیا 26 پاڵاوگەی نایاسایی داخرابوون.

دڵشاد هیرانی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر ئەمڕۆ شەممە 31.8.2024 بە تۆڕی 964ی راگەیاند، ئێستا كەش و ژینگەی هەولێر باشترە و ئەوەی هەستی پێدەكرێت و دەبینرێت، هەموو دووكەڵی پاڵاوگەكان نییە، بەڵكو زۆربەی تۆز و خۆڵە و ئەمەش زۆر جێگەی مەترسی نییە.
لە بارەی ژمارەی پاڵاوگە داخراوەكانیش تا ئێستا، دڵشاد هیرانی رایگەیاند، نازانێت تا ئێستا چەندیان داخراون.

هەروەها وتی، پیسبوونی ژینگەی هەولێر تەنیا پاڵاوگەكان نین و بە گشتی نزیكەی 5 هەزار مۆلیدە لە هەولێرن هەن بە ئەهلی و تایبەتەوە، جگە لەو ژمارەی زۆرەی ئۆتۆمبێل و قەرەباڵغیی شارەكە.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر سەبارەت بە بۆنی پیس و دووكەڵی زۆر لە ئاسمانی شارەكە دەڵێت، “ئێستا بارودۆخەكە باشترە، هەر لە تەلەفۆنەكەی خۆمەوە دەزانم، پێشتر شەوانە زیاتر لە 20 تەلەفۆنی گلەیی هاوڵاتیانم بۆ دەهات، بەڵام ئێستا هەفتەی دوو سێ تەلەفۆنم بۆ دێت”.
“شتێكی دیكەی هۆكاری بۆنی پیس و دووكەڵ، گازی خراپ و نەوتی رەشە، كە بە قاچاغ دێتە ناو كوردستان و مۆلیدەكان بەكاری دەهێنن، راستییش بڵێم هاتنی گاز و نەوتی رەشی قاچاع بە ئاسانی كۆنتڕۆڵ ناكرێت.

هەر لە بارەی پاڵاوگە نایاساییەكان و داخستنیان، سەرچاوەیەكی ئاگادار بە 964ی وت، بەم زووانە پارێزگاری هەولێر روونكردنەوەی پێویست لەمبارەیەوە رادەگەیەنێت.

لە سەرەتای ئەم مانگە پارێزگاری هەولێر رایگەیاند 138 پاڵاوگەی نایاسایی لە هەولێردا هەن و بڕیاریشیان دا لە ماوەى 10 رۆژدا هەموویان دابخرێن.

14 رۆژ بەسەر بڕیارى داخستنى 138 پاڵاوگە نایاساییەکەدا تێ...

14 رۆژ بەسەر بڕیارى داخستنى 138 پاڵاوگە نایاساییەکەدا تێدەپەڕێت