ئەم کیژۆڵانە پێبگەن کەس شان نادات لە شانیان

خەمتان نەبێت لە ئێستاوە تۆپی دەست لە سلێمانی سەلامەتە

964+

دیلان محەمەد – سلێمانی

جوتە خوشک شانبەشانی باوکیان دەچن بۆ ئەوەی دەست و بازوویان لەگەڵ یاری تۆپی دەست نەرم بکەن، باوک هەم پشتوانیانە و هەم دەیەوێت لێزانەنە هەردوو کچەکەی بەو نازناوانە شاد بکات کە خۆی لە ژیانی وەرزشیدا بەدەستیهێناون.

کوردۆ عەبدولقادر، راهێنەرێکی لێوەشاوەی تۆپی دەستە، وەک دەڵێن لە بوارەکەی خۆیدا سەر بە بەرەکەتەو سەروکاری هەر یانەیەکی کردبێت بێ ئەنجام لێی دەرنەچووە.

کوردۆ خوێندکاری دکتۆرایە لەکۆلێژی وەرزشی زانکۆی سلێمانی، لە هەمان زانکۆ فێرگەیەکی تۆپی دەستی دامەزراندووە بۆ کیژۆڵە مناڵکارەکان، لە تەمەنی هەشت ساڵەوە تێیدایە هەتا دەگاتە 20 ساڵ، دەیەوێت کۆمەڵە یاریزانێکی کچ تەییارو ئامادە بکات بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی سلێمانی و کوردستان و عێراق رکابەری بکەن.

کۆشەن و سێوین دوو کچە نازدارەکەی باوکیانن، هەفتانە سێ رۆژ لەگەڵ خۆی دەیانبات بۆ فێرگەکە تا لەگەڵ دەستە خوشکەکانیان راهێنان بکەن.

ساڵی پار کوردۆ راهێنەری یانەی فەتاتی کەرکوک بوو، تیپەکەی کردە یەکەمی عێراق، پێش ئەوەش لە یانەی سلێمانی هەم وەک یاریزان و هەم وەک راهێنەر هەمان نازناوی بردووە، ئێستا کیژۆڵەکانی دەیانەوێت وەک ئەو بن
لەهەموو عێراقدا ئەم تاکە فێرگەیە هەیە کە کچان بۆ تۆپی دەست پێبگەیەنێت، کچەکان چەندە منداڵن ئەوەندە گوڕوتینیان هەیە بۆ ئەوەی ببنە ژمارەیەکی گەورە.

ئەوەی ئێستا کوردۆ، باوکی کۆشەن و سێوین و کیژۆڵەکانی تری فێرگەکە دەیکات، رەنگە دوو سێ ساڵی تر سلێمانی بەرووبوومەکەی بچنێتەوە، کۆمەڵە یاریزانێک دێنە مەیدانەکە کە کەس نابێت شان بدات لە شانیان.

پێداچوونەوە: ژووری هەواڵ

لە خولی تۆپی دەست سلێمانی بوو بە یەکەم

لە خولی تۆپی دەست سلێمانی بوو بە یەکەم