رازی نین موڵکەکانییان دابەشبکرێ بەسەر فەرمانبەراندا

جوتیارانی بۆسکین لە رانیە گردبوونەوە

+964

ژێوار خدر

جوتیارانی ناحیەی بۆسکینی سەر بە قەزای رانیە، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بەردەم شارەوانیی رانیە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا و دەڵێن بەهیچ شێوەیەک رازی نین موڵکەکانمان بکرێن بە پڕۆژەی نیشتەجێبوون یان بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکرێن.

عەباس خدر، جوتیارێکی بۆسکینە قسەی بۆ 964 کرد و وتی، ئێمە ژمارەمان زیاتر لە 130 کەس دەبێت کە خاوەن زەوین و زەوییەکانمان زەوی کشتوکاڵین، بە هیچ شێوەیەک رازی نین زەوییەکانمان بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکرێت، تەنانەت ئەگەر قەرەبووشمان بکەنەوە.

وتیشی، ئەو رووبەرەی کە بڕیارە بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکرێت 1000 بۆ 2000 دۆنم زەوییە، بەشێکی بەراوە و بەشێکیشی دێمەکارە.

بەپێی قسەی جوتیارەکە، شارەوانیی رانیە پێی راگەیاندوون، تەنیا ئەو زەوییانە دابەش دەکرێن کە دێمەکارن و بەراو نین، جوتیارەکانیش دەڵێن بۆ زەوییە دێمەکارەکان کێشەمان نییە با قەرەبوومان بکەنەوە ئێمە رێگر نابین لە دابەشکردنی زەوییەکان، بەڵام بە هیچ شێوەیەک رازی نین زەوییە بەراوکانمان دابەش بکرێن ئەگەر قەرەبوش بکرێینەوە.

بەرهەم رەسوڵ، سەرۆکی شارەوانیی رانیە بە 964ـی وت، ئێمە ئەمڕۆ لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارە، قایمقام و بەڕێوەبەری کشتوکاڵ کۆبووینەتەوە، سەبارەت بە بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران و دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، تاوتوێی بارودۆخەکەمان کردووە.

وتیشی، لە هەوڵداین بۆ ئەوەی بتوانین رێگە چارەیەک بدۆزینەوە، کە هەم بۆ جوتیارەکان گونجاو بێ و هەمیش بۆ فەرمانبەران.

بەشێك لە جوتیارانی سەروچاوە گردبوونەوە

بەشێك لە جوتیارانی سەروچاوە گردبوونەوە