بەڕێوەبەری ئەوقاف: گەورەترین یاد دەبێت
هەولێر ئامادەکاری بۆ یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام دەکات
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەوقافی هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە، یەکەم کۆبونەوەی بۆ ئامادەکارییەکانی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام ئەنجامدا، بەڕێوەبەری ئەوقافی شارەکە بە 964ی وت، “ئەوەی ئەنجامی دەدەن، گەورەترین یادکردنەوە دەبێت”.
بڕیار وایە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ یادەکە بەڕێوەببەن، “بەرنامەڕێژی کراوە قەڵای هەولێر، باخی شار و ژمارەیەک شەقامی سەنتەری شارەکە بۆ چالاکییەکانیان بەکاربهێنن”.
ئەمڕۆ چوارشەممە 28.8.2024، نەبەز ئیسماعیل، بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر بە 964ی وت، “هەولێر وەک خاوەندارێتی و پێناسی گەورەترین یادی مەولود و لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام دەناسرێ، بۆیە ئەمساڵ یادێکی گەورە و شایستە ئامادەکاری بۆی دەستی پێکردووە”.
بڕیارە ژمارەیەک چالاکی ئاینی و رێورەسم بەڕێوەبچن، لە بەخشینەوەی شیرینی لە ناوەندی شار و شەقامەکان، گرێدانی سروودی ئاینی و وتاردان، نەبەز ئیسماعیل بە 964ی وت، “وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتیی زانایان هاوکاریانن و بەرنامەڕێژی بە شارەکان دراوە، یادەکە بە چالاکی ئاینی بکەنەوە”.
هەر لەسەردەمی سوڵتان مزەفەرەوە لە هەولێر ئەو یادە کراوەتەوە، رۆژی 12ـی رەبیع لئەوەلی هەمووس ساڵێک یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلامە و لە هەرێمی کوردستانیش بۆ ئەو یادە، چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەدەبرێن، بۆ ئەمساڵ بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوول وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتی زانایان بە گوێرەی رۆژمێر، رۆژی یادەکە دیاری بکەن.