وەزارەتی دارایی: پارێزەرێک چەند فەرمانبەرێكی دەستبەسەر كردووین

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، مانگی رابردوو چەند فەرمانبەرێکی بەڕێوەبەرایەتی باج و خانووبەرەى میرى لە سەنتەرێکی جوانکاری دەستبەسەر کراون و ئەشکەنجە دراون.

وەزارەتی دارایی پارێزەرێک بەناوی ” شیراز شەهاب” تۆمەتبار دەکات بە “لێدان، ئەشکەنجەدان و دەستبەسەرکردنی” فەرمانبەرەکانی و دەڵێت هەموو رێکارە یاساییەکان دەگرینەبەر.

“لە رێکەوتى 2022/12/7 ئەو فەرمانبەرانە کە یەکێکیان ژنە لە کاتى سەردانىکردنى سەنتەرى جوانکارى (دکتۆر ناز) لە لایەن پارێزەر (شیراز شەهاب) رێگریان لێکراوە و پاش لێدان و ئەشکەنجەدانیان دەستبەسەریان کردوون، ئەمە لە کاتێکدایە ئەو پارێزەرە هیچ پەیوەندى بەم سەنتەرەوە نەبووە،” وەزارەتی دارایی وا دەڵێت.

راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی کاردانەوەیە بەرامبەر تۆمەتەکانی رۆژی رابردووی پارێزەر شیراز شەهاب، کە وتبووی دوو فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتی باجەکانی هەرێم لە هەولێر هەڵیانکوتاوەتە سەر ئۆفیسەکەی و دەمانچەیان لێڕاکێشاوە.

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تۆمەتەکانی ئەو پارێزەرە هەڵمەتێکى ناڕەوایە کراوەتە سەر دامەزراوەى باج و “راستی بابەتەکە بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەین”.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایدا هاتووە، ئەگەر ئەو کەسەى خۆى ناساندووە پارێزەر بێت پێویست بوو چاوەڕێی دەرئەنجامى بڕیارى دادگا بکات نەوەک پەنا بباتە بەر سۆشیال میدیا و لەو رێگەیەوە بە ئامانج دامەزراوەکانى دەوڵەت و کاراکتەرە ئەکتیڤەکانى ئەو دامەزراوانە بکاتە ئامانج.