بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکان گەیشتووەتە ئەم قۆناغە

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ئه‌نجومه‌نى گشتیى راژه‌ى حكومەتی هەرێمی کوردستان، كار بۆ بە هەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست دەكات و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌ رێگه‌ى نووسراوێكه‌وه‌ داواى زانیاری له‌ هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كانى حكومه‌ت كردووه‌.

بەپێی نووسراوەكە، ئه‌نجومه‌نى گشتیى راژه‌ داوای هەموو ئەو میلاكانەى كردووە، كە لە 1ی1ی 2022 بۆ 31ی 12ی 2022 میلاكی بەتاڵن و كەسەكان لە وەزیفە نەماون.

تۆڕى 964 ده‌زانێت، لە ته‌واوى دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، زیاتر لە 28 هەزار فەرمانبەری گرێبەست هەن و ساڵانە گرێبەستەكانیان بۆ تازە دەكرێتەوە.

له‌ نووسراوه‌كه‌ ئەوەش هاتووە “ئەوانەی لە ساڵی رابردوودا خانەنشین بوون، یاخود دەستیان لەكاركێشاوەتەوە، یاخود كۆچی دواییان كردووە، یان بە هەر هۆكارێكی دیكە لە وەزیفە نەماون، زانیارییەكانیان بنێردرێت”.

ئەنجومەنی گشتیی راژە جەختی كردۆتەوە، ئەو رێكارە بە مەبەستی جێبەجێكردنی بڕیاری 178ی ئەنجومەنی وەزیرانە بۆ دامەزراندن و بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست.

به‌پێی زانیارییه‌كانى تۆڕى 964، پێشتر ئەنجومەنی وەزیران ئەنجومەنی راژەی راسپاردووە، بۆ ئەوەی رێكارەكانی بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە رێگەی بوونی میلاكی پێویست بگرێتەبەر.

ساڵی رابردوو، لە کۆبوونەوەیه‌كی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا، دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوەیەکی بەرفراوان، دیدگا و ستراتیژی ئەنجومەنی راژەی گشتی پەسەندکرا، هەر لەم روانگەیەوە، ئەنجومەنی راژەی گشتی راسپێردرا، بە تاوتوێکردنی بابەتی دامەزراندنی هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا و کارمەندانی گرێبەست لە دامەزراوەکان.