دهۆك بردییه‌وه‌ و سبه‌ی هه‌ولێر له‌گه‌ڵ “گرێكوێره‌” یاریی هه‌یه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا

دوای مانگێك وه‌ستان، ئه‌مڕۆ كاروانی خولی نایابی عێراق كه‌وته‌وه‌ڕێ و له‌ ده‌ستپێكدا یانه‌ی دهۆك بردنه‌وه‌ی تۆمار كرد، سبه‌یش له‌ خشته‌ی یارییه‌كاندا یانه‌كانی هه‌ولێر و زاخۆ یارییان هه‌یه‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 26ـی كانوونی دووه‌م، یارییه‌كانی خولی نایابی تۆپی پێی عێراق ده‌ستیپێكرده‌وه‌، كه‌ له‌ 25ـی كانوونی یه‌كه‌می رابردوو به‌هۆی به‌ڕێوه‌چوونی جامی كه‌نداوی 25 له‌ عێراق، وه‌ستابوو.

له‌ ده‌ستپێكی یارییه‌كانی ئه‌مڕۆدا، كه‌ گه‌ڕی 13ـیه‌، یانه‌ی دهۆك له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیدا ئه‌نجامێكی گرنگی تۆمار كرد و به‌ 1-0 گۆڵ له‌ یانه‌ی نه‌جه‌فی برده‌وه‌.

تاكه‌ گۆڵی یانه‌ی دهۆك زاكیری كاردێر یانیكی پیشه‌گه‌ری كۆتدیڤواری له‌ خولی 42دا تۆماری كرد، به‌م بردنه‌وه‌یه‌ش دهۆك ژماره‌ی خاڵه‌كانی گه‌یانده‌ 21 و له‌ پله‌ی هه‌شته‌می ریزبه‌ندییه‌.

ئه‌نجامی یارییه‌كانی دیكه‌ی ئه‌مڕۆ به‌م شێوه‌یه‌ بوون:
كاره‌با 0-0 زه‌وڕا
نه‌فت 0-0 سناعه‌
ئه‌لقاسم 0-0 حدوود
نه‌فتی میسان 1-1 كه‌ربه‌لا.

مەشقەکانی یانەی هەولێر…فۆتۆ: پەیجی یانەکە

سبه‌ی هه‌ولێر و زاخۆ یارییان هه‌یه‌
هه‌ر له‌ گه‌ڕی 13ـی خوله‌كه‌دا، سبه‌ی یانه‌ی هه‌ولێر له‌ یاریگه‌ی خۆیدا به‌رامبه‌ر یانه‌ی نه‌فتی به‌سڕه‌ یاریی ده‌كات.

هه‌ولێر كێشه‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌ی نه‌فتی به‌سڕه‌ هه‌یه‌، له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2012ـه‌وه‌ كه‌ نه‌فتی به‌سڕه‌ به‌شداریی خولی نایابی عێراق ده‌كات، تا ئێستا به‌رامبه‌ر هه‌ولێر له‌ هیچ یاریگه‌یه‌ك نه‌دۆڕاوه‌، كه‌ 14 یارییان به‌یه‌كه‌وه‌ كردووه‌.

هه‌ولێر كێشه‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌ی نه‌فتی به‌سڕه‌ هه‌یه‌ و لە مێژوودا لێی نەبردووەتەوە

سبه‌ی هانده‌رانی هه‌ولێر چاوه‌ڕێی كردنه‌وه‌ی گرێكوێره‌ی نه‌فتی به‌سڕه‌ له‌ یانه‌كه‌یان ده‌كه‌ن.

له‌ یارییه‌كی دیكه‌شدا یانه‌ی زاخۆ له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیدا به‌رامبه‌ر یانه‌ی دیوانییه‌ یاریی ده‌كات.

زاخۆ له‌ مێركاتۆی ئه‌م زستانه‌دا گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ هه‌شت یاریزان كردووه‌، كه‌ به‌شێكیان پیشه‌گه‌رن، تیپه‌كه‌ ده‌یه‌وێت خۆی له‌ پله‌كانی كۆتایی ریزبه‌ندی رزگار بكات، كه‌ ئێستا له‌ پله‌ی 18ـیه‌ و ته‌نیا هه‌شت خاڵی هه‌یه‌.

خشته‌ی یارییه‌كانی سبه‌ی:
دیوانییه‌ – زاخۆ 14:00
هه‌ولێر – نه‌فتی به‌سڕه‌ 16:30
نه‌فتی وه‌سه‌ت – كه‌رخ 19:30
قوه‌ی جه‌وییه‌ – ته‌ڵه‌به‌ 19:30.