فەرماندەیەکى پێشمەرگە وادەڵێت:

“هێزەکانی پێشمەرگە کەوتنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە”

964+

سیروان خورشید- گەرمیان

دواى گەیشتنى هێزێکى زۆرى حەشدى شەعبى بۆ سنوورى ناحیەى کوڵەجۆ، ھێزەکانی پێشمەرگەی میحوەری یەک و دوو لەسنوری کفری کەوتونەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە.

بەرەبەیانى ئەمرۆ، هێزێكی زۆری حەشدی شەعبی هاتوونەتە سنووری میحوەری یەكی پێشمەرگە لە سنووری ناحیەی کوڵەجۆ لە کفری و دەستیان بەسەر بیرەنەوتەكانی ئەو سنوورەدا گرتووە.

فەرماندەیەکی باڵای هێزەکانی پێشمەرگە لەناوچەکە بە 964ـی وت،”هێزەکەی حەشدی شەعبی بەبێ ئاگادارکردنەوەی ئەوان هاتونەتە ئەو شوێنەو لەئێستاشدا سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە لەسنوری کفری و گەرمیان کەوتونەتە حاڵەتی ئامادە باشیەوە”.

وتیشی، “ئەگەر لیژنەی دەزگای هەواڵگری نەیەنە سەر خەت ئەوان وەک هێزى پێشمەرگە هێزدەجوڵێنن و بەشەڕ ناوچەکە بەحەشدی شەعبی چۆڵ دەکەن.”.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزێكی زۆری حەشدی شەعبی كە نزیكەی سێ هەزار چەكدارن و  بە ژمارەیەکى زۆر ئۆتۆمبێل و شۆفڵ و هامەر و كەرەستەی سەربازی دیكە، هاتوونەتە ناحیەی كوڵەجۆ و چەند بیرە نەوتێكیان دەست بەسەردا گرتووە.

964 لەو فەرماندەیەى پێشمەرگەى وەرگرتووە کە هێزەكەی حەشدی شەعبی لەنزیكی بیرە نەوتەكان لەكوڵەجۆ سەرقاڵی دروستكردنی سەنگەرن و بەهێزكردنی پێگەكانیان.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح