10 کۆڵبەر بریندار بوون
“مانگی رابردوو چوار کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە و 12 هاوڵاتی لەسێدارەدراون”
964+
ژووری هەواڵ
لە ماوەی یەک مانگدا لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، چوار کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە و 12 هاوڵاتی کورد لەسێدارەدراون، 27 چالاکوانی سیاسی و مەدەنیش دەستگیرکراون، ئەمە بەگوێرەی ئاماری تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان.
ئەو ئامارەی بڵاوکراوەتەوە هی رۆژی 21.7.2024 تاوەکو 21.8.2024ـە و سێ لە کۆڵبەرەکان لە سنووری مەریوان، نەوسوود و سەردەشت بەهۆی تەقەی هێزەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە و کۆڵبەرێکیش لە سنووری بانە بەهۆی هەڵدێرانی لە شاخ گیانیانلەدەستداوە.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان راشیگەیاند، 10 کۆڵبەری دیکە بەهۆی تەقەی هێزەکانی ئێران و کۆڵبەرێکیش بەهۆی راوەدونانی هێزەکانی ئێران لە شاخ بەربووەتەوە و برینداربوون.
ئەو کەسانەی کە لەماوەی ئەو مانگەدا لەسێدارەدراون پێکهاتوون لە کامەران شێخە، زیندانی ئایینی و رەزا رەسایی، زیندانی خۆپیشاندانەکانی ژینا، لەگەڵ 10 زیندانی دیکە.
لەسێدارەدراوان تۆمەتبارکراون بە “مادەی هۆشبەر، کوشتن و بڵاوکردنەوەی گەندەڵی لەسەر زەوی”، 15 چالاکوانی سیاسی و مەدەنیی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بەتۆمەتی سیاسی سزای لەسێدارەدان و زیندانیکردن و دەستگرتن بەسەر ماڵ و موڵکیاندا بۆ دەرکراوە.
دەسەڵاتدارانی ئێران 27 هاوڵاتی دیکەی کوردیان بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و مەدەنی دەستگیر کردووە.