جەستەیان بە تەواوی سووتاوە

لە رووداوەکەی رێگەی کەرکوک پێنج کەس گیانیان لە دەستداوەو دوانیش بریندارن

964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە رێگای کەرکوک پردێ دوو ئۆتۆمبێلی بی ئێم و چارجەر بە خێراییەکی زۆر خۆیان کێشاوە بەیەکدا، پێنج کەس گیانیان لەدەست داوەو دوو کەسیش بریندارن، لایەکیان خەڵکی کەرکوک و ئەوی دیکە خەڵکی بەغدان.

رووداوەکە نزیک کاتژمێر 3ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 23.8.2024 روویداوە لە نزیک گوندی نەبیاوە.

عەلی ئەحمەد کارمەندی پۆلیسە لە بەرگری شارستانی پردێ، هەم بە پێی زانیارییەکانی خۆیان و هەم بەپێی ئەوەی لە شایەتحاڵەکانی گوێ لێ بووە بە 964ی وت ”ئۆتۆمبێلێکی جۆری BMW بە خێراییەکی زۆر رۆیشتووە، لە پڕ تایەی تەقیوەو خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلی بەرامبەردا کە چارجەر بووە، ئەوەی یەکەم تانکی بەنزینەکەی گڕی گرتووە بۆیە ئەو هەموو کەسە گیانیان لەدەست داوە”.

لە هەردوو ئۆتۆمبێلەکە پێنج گیان لەدەستدان و دوو بریندار هەیە، ئەم زانیارییە سامان یابە بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک بە964ـی وت، دەشڵێت ”ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە زۆربەی جەستەیان سووتاوە”.

پەیامنێری 964 لە کەرکوک راپۆرتی پزیشکی دادوەری بینیوە، ئەوانەی گیانیان لەدەست داوە ساڵی لە دایکبوونیان بەم شێوەیەیە: 1978، 1995، 1996، 2000، 2000.

بەپێی ناوەکانیان بێت وا دەرناکەوێت کەسی پلە یەکی یەکتر بن.

ناوی سیانی و شوێنی نیشتەجێبوون و کاروکاسپی ئەو پێنج کەسەی گیانیان لەدەستداوە هەمووی لای 964 هەیە، بەڵام دەستووری کارکردنی ئێمە لەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەش دەڵێت: وەک رێزێک لە هەست و سۆزی کەسوکارەکەیان ئەو وردەکاریانە بڵاوناکەینەوە.