بەرگرى شارستانى سۆران بۆ 964+

 “لە کاتى هەوڵدان بۆ رزگارکردنى مەڕێک کەسێک لە حەوزێکى ئاودا خنکا”

964+

ئاکام غەفور-سۆران

کەمێک پێش ئێستا بەرگرى شارستانى سۆران لە حاڵەتێکى خنکان ئاگادار کراوەتەوە، وتەبێژەکەشیان بە 964ـى وت،”کەسێک لە گوندێکى سنوورى حاجى ئۆمەران لەناو حەوزێکى ئاودا خنکاوە”

رەوەند هاودیانی، وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران، بە 964ـی وت،”رووداوەکە لە گوندى زینوێ لە سنوورى حاجى ئۆمەراندا روویداوە، ئەوەش دواى ئەوەى گەنجێکى تەمەن 35 ساڵ لەناو حەوێکى ئاو کە لە ناو کێڵگەیەکى پەلەوەریدا بووە، خنکاوە.

تیمەکانى بەرگرى شارستانى دواى ئەوەى ئاگادارکراونەتەوە بە زوویى گەیشتوونەتە شوێنەکە و بە وتەى رەوەند هاودیانى تەرمەکەیان دەرهێناوە و ئێستا بەرەو نەخۆشخانەى چۆمان دەیبەن.

تائێستا بەرگرى شارستانى نازانێت گەنجەکە چۆن خنکاوە، وەک وتەبێژەکەیان باسى دەکات، لێکۆڵینەوە بەردەوامە بۆ زانینى هۆکارەکەى، ئەوەى ئێستا هەیە ئەوەیە گەنجەکە لەناو حەوزێکدا خنکاوە کە کەوتووەتە کێڵگەیەکى پەلەوەرییەوە.

راگەیەنراوى بەرگرى شارستانى سۆران:
کەسەکە تەمەنى 35 ساڵە و دانیشتوى شارەدێى سرێشمەى سەر بە قەزاى خەلیفانە.
لە کاتى هەوڵدان بۆ رزگارکردنى مەڕێک خۆى هەڵداوەتە ناو حەوزەکە و خنکاوە.

هەرچەندە 20 رۆژە هیچ کەسێک لە سنوورى ئیدارەى سۆران نەخنکاوە، ئەوەش دواى ئەوەى بەرگرى شارستانى ریکارەکانى لەسەر رووبار و ئاوەکان توند کردەوە، بەڵام بەم حاڵەتەى ئەمڕۆوە، ئەمساڵ 13 کەس لەو سنوورە خنکاون.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح