مایسترۆی تۆپی پێی هەولێر

“فەیزۆ” دواماڵئاوایی لە یاریگەی فرانسۆ هەریری كرد و لە هەولێر بە خاك سپێردرا

+964

شۆڕش هەرکی – هەولێر

ئەمڕۆ چوارشەممە 21.8.2024، تەرمی یاریزانی پێشووی یانەی هەولێر، فەیزوڵا عوسمان لە رێگای فڕۆکەخانەی هەولێرەوە هێنرایەوە هەرێمی کوردستان و دواتر لە یاریگەی فرانسۆ هەریری تاجەگوڵینەی لەسەر داندرا.

فەیزوڵا عوسمان ناسراو بە فەیزۆ، یاریزانی پێشووی یانەی هەولێر و ئەستێرەی ناوداری تۆپی پێ بوو، بە یەكێك لە باشترین یاریزانانی مێژووی كوردستان دادەنرێت.

فەیزۆ رۆژی دووشەممە 19ی ئەم مانگە لە وڵاتی ئەڵمانیا دوای ململانێ لەگەڵ نەخۆشییەكی قورس، کۆچی دوایی کرد.

لە رێوەسمەكەی ئەمڕۆدا تاریق عەبدولڕەحمان سەرۆكی تۆپی پێی كوردستان بۆ 964 قسەی كرد و خەمباریی خۆی بۆ كۆچی دوایی كاپتن فەیزۆ دەربڕی و وتی، هەمیشە یادی دەكەین.

هەروەها نزار سڵێوا یاریزانی پێشووی یانەی هەولێر و هاوڕێی فەیزۆ بۆ 964 وتی، تا ئێستا یاریزانێکی هاوشێوەی فەیزۆ لە هەولێر نەبووە، لەدەستدانی بە کۆستێکی گەورە بۆ وەرزشی کوردستان دەبینم.

فەیزوڵا عوسمان، کوڕی گەورەی خەجە باوەی یەكەم ژنە شەهیدی راپەڕینی هەولێرە و ئەمڕۆ لە تەنیشت دایكی بەخاك سپێردرا.

فەیزۆ ساڵانێکی زۆر لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژیا و لە کاروانی وەرزشی خۆیدا یاری بۆ یانەكانی هەولێر، برایەتی و ئاسۆ كردووە، هەروەها ماوەیەك بۆ یانەی مەهاباد لە رۆژهەڵاتی كوردستان و یانەیەكی پلە چواری ئەڵمانیا یاریی كردووە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

ئەمڕۆ

ئەمڕۆ "كاپتن فەیزۆ" بۆ دواجار سەردانی یاریگەی فرانسۆ هەریری دەكات