سنوورى ئامێدى

  قیرتاوکردنى رێگایەک دواى کەمتر لە 24 کاتژمێر تووشى چاڵوچۆڵى بوو

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

هاوڵاتییەکى گوندێکى سنوورى ئامێدى ڤیدیۆى قیرتاوکردنى رێگاى گوندەکەیانى بۆ 964 ناردووە و وەک دەڵێت، 24 کاتژمێرى بەسەردا تێنەپەڕیوە رێگاکە تێکچووە، رێگاوبانى دهۆکیش وتى، “تەواو نەبووە”.

بەشێک لە رێگاى گوندى وەرمێلى سنوورى قەزاى ئامێدى دوو رۆژ لەمەوبەر تێکچوو، بەڵام 24 کاتژمێرى بەسەردا نەڕۆیشتووە و تێکچووە، لە سۆشیال میدیای سنوورەکە ڤیدیۆى رێگاکە بڵاوکرایەوە و هەر دەڵێى رێگەیەکى کۆنە ئەوەندە چاڵوچۆڵى تێدایە.

نزار دۆسکی، کە دانیشتووى گوندەکەیە، گرتە ڤیدیۆى رێگاکەى بۆ 964 ناردووە و دەڵێت: دواى قیرتاوکردنى، 24 کاتژمێرى نەبرد قیرەکە تێکچوو و لایەنى پەیوەندیدارمان ئاگادارکردەوە.

964 کێشەکەى خستە بەردەم رێدیر سلێمان، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی رێگاوبانی دهۆک، ئەو بە 964ـى وت،”رێگای سەرەکی بەرەو گوندەکە دوای یەک رۆژ قیرتاوکردنی، چەند مەترێک زیانی پێگەیشتووە و تێکچووە، بەڵام تا ئێستاش پرۆژەکە بەدەست بەڵێندەرەوەیە و پڕۆسەی چاککردنەوەی رێگاکە بەردەوامە”.

وتیشی، هۆکاری تێکچوونی ئەوەیە رێگاکە بەرز و لێژە و هەر رێگایەکیش بەرز و لێژ بێت، سەرەتا چینێک قیرتاو دەکرێت و دواتر بەشی سەرەوەی دووبارە قیر دەکرێتەوە، تێکچوونەکەشى لەبەر ئەوەیە هاوڵاتیان بەکاریان هێناوە، چونکە تاکە رێگاى گوندەکەیە.

“ئێستا لە گوندى وەرمێلى، دوو رێگا قیرتاو دەکرێن رێگای سەرەکى بۆ ناو گوندەکە بە درێژى یەک کیلۆمەتر قیر دەکرێت و رێگاى گوندەکە بۆ گۆڕستانیش بە درێژى 400 مەتر”، رێدیر سلێمان واى وت.

گوندێ وەرمێلی گوندێکی دەڤەری دۆسکییە لە قەزای ئامێدیی سەر بە پارێزگای دهۆک.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

گەڕەکێک دوو کارگەی قیری تێدایە و یەک بستی شەقامەکانی ق...

گەڕەکێک دوو کارگەی قیری تێدایە و یەک بستی شەقامەکانی قیر نەکراوە