سێ ئەمیری داعش لە سلێمانی دەستگیر کران

+964

فەرمان سادق

لە سلێمانی حەوت تۆمەتبار دەستگیر کران، دوای لێکۆڵیەوە ئاشکرا بووە کە سێ لەوان پلەی ئەمیریان لەناو داعش هەبووە.

ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی رایدەگەیێنێت، حەوت تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە داواکراو بوون، دواتر دەرکەوتووە سێ لەوان لەناو رێکخراوی داعش پلەی ئەمیریان هەبووە.

ئەوانەی دەستگیر کراون ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی وەها ناوەکانی بڵاوکردۆتەوە (ھ. م. ح)، (أ. م. ح)، (ج. م. ح)، (ق. س. م)، (م. ٳ. ی)، (ب. ٲ. ٲ) و (ع. ع. ٲ).

 لە راگەیەنراوێکدا کە ئەمڕۆ لەسەر پەیجی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردۆتەوە، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی رایگەیاندووە، شەوی 23/24-01-2023 دوای بڕیاری دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان و وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەر، بە هاوکاریی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی لە چەند هەڵمەتێکدا “حەوت داواکراوی لە یاسا هەڵهاتوو بەپێی ماددەی 4ی تیرۆر دەستگیرکران، کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە داواکراو بوون”.

بەپێی راگەیەنراوەکەی ئاسایش بێت، ئەو حەوت داواکراوە سەرجەمیان خەڵکی  پارێزگاکانی ناوەڕاست و خواری عێراقن و بە مەبەستی خۆحەشاردان بەناوی کارکردنەوە هاتبوونە سنووری چەمچەماڵ و بازیان، بەڵام دوای دەستگیر کردن و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان دەرکەوتووە “سێ لە دەستگیرکراوەکان پلەی ئەمیریان هەبووە لەناو داعشدا” سەرجەمیشیان راپێچی بەردەم دەسەڵاتی دادوەری کران.