خەڵكی گوندی سەرگەتە
کۆڵبەرێکی خەڵكی هەورامان بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکان كوژرا
+964
ئەمەل ناجی- هەڵەبجە
ئێوارەی ئەمڕۆ 18.8.2024 لە ناوچە سنوورییەکانی ھەورامان و بە دیاریکراوی لە سنووری گوندەکانی ھانەیدن و سەرگەت، تەقە لە گەنجێک كرا، كە كۆڵبەر بووە و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی خورماڵ گیانی لەدەست دا.
گەنجەکە ناوی ئارام خەلیلە و تەمەنی 27 ساڵە، خەڵکی گوندی سەرگەتە لە ناوچەی ھەورامان.
بەرزان عوسمان، وتەبێژی پۆلیسی ھەڵەبجە رایگەیاند: لە کاتژمێر هەشتی شەو رووداوێکی تەقەکردن لە سنووری ھەورامان روویداوە، پۆلیس چووەتە شوێنی رووداوەکە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی لە بنکەی پۆلیسی خورماڵ بۆ کراوەتەوە، تەرمەکەشی لە پزیشکی دادی ھەڵەبجەوە دراوەتەوە بە خانەوادەکەی، بە بڕیاری دادوەریش رێوشوێنی پێویست بەرانبەر بکەرانی تاوانەکە دەگیرێتە بەر.
لە سنووری ھەورامان چەندین خاڵی سنووری ھەن، کە گەنجان کاری کۆڵبەری تێدا دەکەن، یەکێک لەو خاڵە سنوورییانە، خاڵی سنووری سیپەیە، کە دەکەوێتە نێوان گوندەکانی سەرگەت و ھانەیدن، رووداوەکەی ئێوارەی ئەمڕۆ لەو شوێنە روویداوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا