بۆ ئەوەى لاشەکەى پارێزراو بێت
ورچە کوژراوەکە کێشەى ساردکەرەوەى بۆ دروستبووە
964+
ئاکام غەفور-سۆران
هەرچەندە زیاتر لە 10 رۆژە ورچەکەى پرژێ کوژراوە، بەڵام بەهۆى ئەوەى شوێنەکەى سارد بووە لاشەکەى تێکنەچووبوو، بەڵام دواى ئەوەى ئێوارەى ئەمڕۆ لاشەکەى لە کوێستانەکانى پرژێ هێنرایەوە بۆ سۆران دواى کاتژمێرێک کێشەى ساردکەرەوەى بۆ دروستبوو.
کاروان میراودەلى بەڕێوەبەرى بەرگرى شارستانى سۆران بۆ 964:
ورچەکە لاشەیەکى گەورەى هەیە و کێشەکەى 250 بۆ 300 کیلۆ دەبێت
دکتۆر سەیدەوان عومەر، بەڕێوەبەری ڤێرتێرنەرى سۆران، بە 964ـی وت،”داوامان لێکرا کە لاشەی ئەو ورچە لە ساردکەرەوەیەکی ڤێرتێرنەرى سۆران هەڵبگرین بەڵام بەهۆی ئەوەی ساردکەرەوەى ڤێرتێرنەرییەکەمان کارناکات نەمانتوانی شوێنی بۆ دابین بکەین”.
کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران، بۆ 964 وتی،”بەهۆی نەبوونی ساردکەرەوە لە سۆران ناچار بووین لاشەی ورچەکە بنێرینە هەولێر، لەوێ لە باخچەی ئاژەڵانی هەولێر لە سەر رێگای کەسنەزان سارد کەرەوەی بۆ دابینکراوە لەوێ هەڵدەگیرێت”.
وەک باسى دەکات، ئێستا تیمەکانی بەرگری شارستانی لە رێگان لاشەی ورچەکە دەبەن بۆ هەولێر.
ورچە کوژراوەکەی باڵەکایەتی، یەکێکە لە ورچە دەگمەنەکان لە جۆری ورچی قاوەیی، بڕیار وایە مۆمیا بکرێت و لە پارکێکی چۆمان دابنرێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح