ناشاد نەخۆشە و بە پارەی تابلۆکانی دەرمان دەکڕێت

964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

لە کارگەی کلتوری سلێمانی، وێنەکێشێک کە بەشێکە لە مێژووی سلێمانی پاش 70 ساڵ لە تەمەن، ھێشتا گەنجانە فڵچەی دەستەکانی بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکان دەجوڵێنێ.

محەمەد سابیر، ناسراو بە ناشاد، ماوەی 50 ساڵە کاری وێنەکێشان دەکات، گەرچی لەگەڵ تەمەنی لاویدا خولیای لە بوارەکە ھەبووە، بەڵام ئەو بە تۆڕی 964ی وت، “ئێستا زیاتر جوڵاندنی دەستەکانی بۆ پەیداکردنی پارەی عیلاجەکانیەتی”.

لە زۆرێک لە پێشەنگاکانی سلێمانی و ھەرێمی کوردستان بەشداری ھەبووە، بە وتەی خۆی سەردانی ھەر ناوچەیەکی کردبێت لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان ھەوڵیداوە سروشتی وڵاتەکەی لەو ناوچەیەدا بە نەخشاندنی جێبھێڵێت.

ناشاد بە تەنیا ژیان دەکات، ئەو دەڵێت، ماوەیەک بەھۆی دۆخی ژیانییەوە تووشی نەخۆشی دەروونی بووە، خەڵکانێکی خێرخواز توانیویانە یارمەتی بدەن، ئێستاش نەخۆشی پرۆستات و شێرپەنجەی ھەیە.

“عیلاجەکانم زۆرن، جاری وایە لێم تێک دەچێت کام حەبەیان بۆ چییە و بۆچی دەیخۆم،” ناشاد وای وت.

ئەو لە رێگەی نەخشاندنی ڤایبەر، خام و لاپەڕەکان و تێکەڵکردنیان بە رووداوەکانی رۆژانەی ژیانی خەڵک زیاتر جێدەستی دیارە.

وەک خۆی دەڵێت، بۆ ئەوەی بتوانێت عیلاجەکانی رۆژانەی بۆ نەخۆشییەکانی دابین بکات، بڕیاریداوە ژمارەیەک تابلۆی بفرۆشێت، کە هەرزانترینیان 50 ھەزار دینار و گرانترین تابلۆیان نرخی 300 ھەزار دیناری لەسەر داناوە.