پۆلیسی بەردەڕەش: محاویلەکانتان لەحیم نەکەن دەدزرێن

964+

زەید کۆچەر – بەردەڕەش

لە گوندی کەونەباک سەر بە ناحیەی دارەتوو لە سنوری قەزای بەردەڕەش دوو محاویلەی بیری ئاو دزران و خاوەنەکانیان گلەیی لە پۆلیس و بەدواداچوونیان بۆ دزەکان دەکەن.

شێروان محەمەد، ئامۆزای یەکێک لەو کەسانەیە کە دزی لێکراوە، ئەو بە تۆڕی 964ی وت، خاوەنی محاویلەکان بران و هەریەکەیان زیانی ماددی نزیکەی چوار هەزار دۆلاریان لێکەوتووە.

خاوەنی بیرەکان پۆلیس بە کەمتەرخەم دەزانن، پۆلیسی قەزای بەردەڕەشیش دەڵێت، لە ناوچەکە نزیکەی 1400 بیر هەیە و ژمارەی پێویست پۆلیسیان نییە دایان بنێن بۆ چاودێری محاویلەکانیان.

“لە سنوری قەزای بەردەڕەش نزیکەی 1400 بیری ئاو هەیە، ئەگەر من بۆ هەر بیریک پۆلیسێک دانێم ئەوا میلاکم بەش ناکات، ئێمە میلاکمان 300 کەسە،” عەمید سەعدی بەرزنجی بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای بەردەرەش بە تۆڕی 964ی وت.

ئەو زیاتر وتی، داوایان لە خاوەنی بیرەکان کردووە کە محاویلەکانیان بە راگرەکانەوە لەحیم بکەن تاوەکو نەدزرێن.

دەشڵێت: خاوەن بیر هەیە پێمان دەڵێت محاویلەی خۆمە و ناتوانم لەحیمی بکەم با بدزرێت، ئێمەش هەموو کاتێک چاودیری دەکەین، بەڵام هەر ئەوەندەمان لەدەست دێت و خۆیان پابەندی رێنماییەکان نین.