رێکخراوی هەنگەوانانی کوردستان: سكاڵا تۆمار ده‌كه‌ین

گومان ده‌خرێته‌ سه‌ر هه‌نگه‌وانه‌كان ورچه‌كه‌ى باڵه‌كایه‌تیان كوشتبێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

به‌ شێوه‌یه‌كی فراوان گومان ده‌خرێته‌ سه‌ر هه‌نگه‌وانان كه‌ ورچه‌ قاوه‌یی و ده‌گمه‌نه‌كه‌ى سنوورى باڵه‌كایه‌تییان كوشتبێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ى زیان به‌ هه‌نگه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت، رێكخراوێكی هه‌نگه‌وانیش ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر ده‌رچوو بكوژى ورچه‌كه‌ هه‌نگه‌وانه‌، لێی خۆش نابن.

ئه‌وانه‌ى گومان له‌ هه‌نگه‌وانه‌كان ده‌كه‌ن، بریتین له‌ فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى سۆران، رێکخراوی هەنگەوانانی کوردستان و توێژه‌رێكى زانكۆى سلێمانى.

گومانكردنى ئه‌م لایه‌نانه‌، بۆ ورچه‌كه‌ى بنارى قه‌ندیل ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ ساڵى پار له‌ مانگى تشرینی یه‌كه‌م به‌هۆى ژه‌هرخواردنه‌وه‌، لاشه‌كه‌ى به‌ مرداربووه‌وه‌ له‌سه‌ر رێگایه‌كى گوندى قڕناقاو دۆزرابوه‌وه‌ و ئه‌وكاتیش دڵشێر ئیبراهیم، هاوسه‌رۆكى شاره‌وانى بنارى قه‌ندیل، به‌ 964ـى وتبوو، ورچه‌كه‌ ئه‌و ده‌رمانه‌ ژه‌هراوه‌یه‌ى خواردووه‌ كه‌ هه‌نگه‌وانانى سنوورى بنارى قه‌ندیل بۆ به‌رازه‌كان دایده‌نێن.

هه‌ژار ماهیر، به‌ڕێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى سۆران، سه‌رقاڵى تۆماركردنى سكاڵاى یاساییه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ نادیاره‌ى كه‌ بكوژى ورچه‌كه‌ی سنووره‌كه‌یانه‌ به‌ 964ـى وت “ده‌بێت ئه‌و كه‌سه‌ سزا بدرێت”.

وتیشی “له ‌سبه‌ینێوه‌ ده‌چینه‌ دادگاى چۆمان و له‌وێ سكاڵا تۆمار ده‌كه‌ین”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ئه‌و شوێنه‌ى ورچه‌كه‌ى لێ كوژراوه‌، هیچ چاودێر و پاسه‌وانێكى ژینگه‌ و دارستانى لێ نییه‌.

لای خۆیه‌وه‌، سۆران ئه‌حمه‌د زینده‌وه‌رزان و توێژه‌ر له‌ زانكۆى سلێمانى له‌ لاپه‌ڕه‌ى فه‌یسبووكه‌كه‌ى ئاماژه‌ى به‌وه‌ كردووه‌، كه‌ هۆکاری کوشتنی ورچ لە ناوچە کوێستانییەکان بە پلەی یەکەم بۆ هەنگەوانەکان دەگەڕێتەوە، چونكه‌ ده‌ڵێت “لەم کاتەدا هەنگ دەبرێتە لوتکە بەرزەکانی وەک هەڵگورد و سەکران و قەندیل، کە نیشینگەی ژینگەیی ورچەکانن، بەبێ ئەوەی هیچ تەلبەندێک یان پارێزەرێک بۆ هەنگەکانیان بکەن، دایاندەنێن”.

رێكخراوى هه‌نگه‌وانانى كوردستانیش گومانى زۆرى خستووه‌ته‌ سه‌ر هه‌نگه‌وانان، كه‌ ئه‌م كاره‌یان كردبێت، ئه‌حمه‌د پشده‌رى سه‌رۆكى ئه‌م رێكخراوه‌ به‌ 964ـى راگه‌یاند، به‌هۆى ئه‌وه‌ى ورچ زیان به‌ هه‌نگه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت بۆیه‌ گومانیان له‌وانه‌.

وتیشی “ئەگه‌ر ده‌ركه‌وت هه‌نگه‌وان ورچه‌كه‌ى كوشتبێت، لێی خۆشنابین و داواى یاسایی له‌سه‌ر تۆمار ده‌كه‌ین”.

ورچ زیانێکی زۆری بە هەنگەوانان گەیاند

ورچ زیانێکی زۆری بە هەنگەوانان گەیاند