خاوەنی زەوییەکان نیگەرانن
دەستەی گومرکی عێراقی لەسەر زەوی هاوڵاتیان بونیاد دەنرێت
964+
راژان باجەلان – خانەقین
دوو هەفتە بەر لە ئێستا، لە نزیک بازگەی باوە مەحمود و بە دیاریکراوی لە سەر زەوی گوندی عەلیخان لە خانەقین، دەستەی گومرکی عێراقی خاڵێکی پشکنینی گومرکی دانا بەڵام هاوڵاتیان دەڵێن ئەم شوێنە زەوی ئێمەیە .
محەمەد ئیبراهیم عەلیخان، خاوەنی زەوی کشتوکاڵییە لە گوندی عەلیخانی باپیری و بە چاوێکی پڕگریانەوە بە 964ـی وت، “ئەم زەویانە هی باپیرمانە و لە ساڵانی 1944ـەوە عەقدی هەبووە، ئێستا دەستەی گومرکی عێراقی ئەم بازگەیەی هێناوە و بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک لێمانی داگیرکردووە و هیچ گوێ بە قسەکانمان نادەن، لەلای منیش ئەم زەوییە وەک زێڕە و بردنی تا سەر ئیسقان بێتاقەتی کردووم“.
یوسف ئیبراهیم عەلیخان خاوەن زەوییەکی ترە و بە 964ـی وت، زیاد لە حەوت دۆنم زەوی هاوڵاتییان دەستی بەسەرداگیراوە بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک، سەرەڕای ئەوەی ساڵانە بەروبومی تیادا دەچێنرێت.
ئەوس ئیبراهیم مەهدی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بە 964ـی وت، بڕیاری دامەزراندنی ئەم خاڵە گومرکییە دراوە و بە جدی دەست کراوە بە کارکردن تیایدا، ئەوەی لەدەستی ئەم هاوڵاتییانە ماوە رێکارە یاساییەکانە لە رێی دادگای خانەقینەوە بۆ هێنانەوەی مافەکانیان.
جێی ئاماژەیە ئەم زەویانە نزیکی 30 ساڵ لەلایەن رژێمی پێشوو دەستیان بەسەردا گیرابوو، خاوەنە رەسەنەکانیان پاش ساڵی 2004 گەڕانەوە سەری و هەر لەو کاتەوە بە بەردەوامی کاری رۆژانەی خۆیان تیادا ئەنجامداوە.
پێداچوونەوە: هاوبەش