لە کەلار
فەرمانبەرانی گرێبەست گردبوونەوە و داواى بە هەمیشەیى بوون دەکەن
964+
میلاد جەلال_گەرمیان
فەرمانبەرانی گرێبەست لە گەرمیان، بەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە لەبەردەم قایمقامیەتی قەزای کەلار گردبوونەوە و داوای بەھەمیشەیی کردن دەکەن، وەک باسى دەکەن، ئەگەر وەڵام نەدرێینەوە بایکۆتى دەوام دەکەن.
فەرمانبەرانی گرێبەست لە گەرمیان ژمارەیان نزیکەی 1500 کەس دەبێت، لەم ھەفتەیەدا ئەمە دووەم جارە گردبونەوە دەکەن و زۆربەیان 10 ساڵ و زیاتر وەک فەرمانبەرى گرێبەست لە فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتییەکان کاردەکەن.
بێریڤان جەلال، فەرمانبەری گرێبەستە بە 964ـى وت،”ماوەی 11 ساڵە گرێبەستم، دەمانەوێت ھەق و مافی خۆمان پێبدرێت و بکرێین بە ھەمیشەیی”.
دەشڵێت،”ئەگەر وەڵامی داواکارییەکانمان نەدرێتەوە ئەوا بایکۆتی دەوام دەکەین لە فەرمانگەکانمان”.
ھودا مەحمود منداڵەکەى بە باوەشیەوەیەتى و یەکێکی ترە لەو فەرمانبەرانە گرێبەستانەى کەلار کە بەشدارى گردبوونەوەکەى کردووە، بە 964ـى وت، لە ئەرکدا لەگەڵ فەرمانبەری ھەمیشەیی یەکسانین، بەڵام لە مافدا جیاوازیمان لەگەڵ دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ھاوکاری بەڕێوەبەری فەرمانگەکان نەبێت ناتوانن دەوام بکەن، چونکە فەرمانبەرە ئافرەتەکان ھیچ مۆڵەتێکی دایکایەتییان نییە و ئەوەشى بە ناهەقى ناوبرد.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح