زیاتر لە 1200 كاندید

دەستەی دەستپاكی وردبینی لە كاندیدەكانی هەڵبژاردنی كوردستان كرد

964+
ئەرسەلان عەبدوڵا

دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لەسەر داوای كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق وردبینییان لە ناوی كاندیدانی بەشدار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كردووە.

سەرخێل هاشم بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی دەستپاكیی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە بە 964ی راگەیاند، لەسەر داوای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لە عێراق، دەستەی دەستپاكی لە 6.8.2024 دوای ئەوەی بەشی دووەمی ناوی كاندیدانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە دەست گەیشت و لەسەر بنەمای مەرجەكانی خۆپاڵاوتن، كە كۆمیسیۆن دیاری كردووە و نابێ‌ كاندید لەسەر یەكێك لە تاوانەكانی گەندەڵی زیندانی كرابێت، واتا “حوكم” درابێت، ئەمڕۆ دەستەكەیان وردبینی لە لیستی دووەمی ناوەكان تەواو كرد و بە نووسراوی فەرمی رەوانەی كۆمیسیۆنیان كردووەتەوە.

وتیشی، بەو پێیەش وردبینیی دەستپاكی لە ژمارەی تەواوی كاندیدەكانی هەڵبژاردن كۆتایی هات.

سەرخێل هاشم ئەوەشی بۆ 964 باس كرد، كە زیاتر لە 1200 كەس وەك كاندیدی حزب و هاوپەیمانی و كەسانی سەربەخۆ وردبینییان بۆ كراوە.

“لیستی یەكەم زووتر بۆ ئێمە هاتبوو، كە هێشتا بەشداری هەندێك لایەن لە هەڵبژاردن یەكلانەببووەوە، بەڵام لیستی دووەم لە شەشی ئەم مانگەوە گەیشتە دەستمان و وردبینیی لە هەموویان كراوە”، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی دەستپاكیی هەرێمی كوردستان وای وت.

بڕیارە 20.10.2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت.

لەسەر نوسراوێک سبەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و دەستەی دەس...

لەسەر نوسراوێک سبەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و دەستەی دەستپاکی کۆدەبنەوە