تا 21ـى مانگ

هێڵێکى ئاسمانى راگرتنى گەشتەکانى بۆ فڕۆکەخانەى هەولێر درێژکردەوە

964+

وریا فەتاح

ترس لە ئەگەرى هێرشى ئێران بۆسەر ئیسرائیل، واى لە هێڵى ئاسمانى لوفتانزای ئەڵمانی کردووە، راگرتنى گەشتەکانى بۆ فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر درێژبکاتەوە.

ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەرى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر بە 964ـى وت، هێڵى ئاسمانى لۆفتانزاى ئەلمانى بڕیارى راگرتنى گەشتەکانى بۆ فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر تا 21ـى ئەم مانگە درێژکردووەتەوە”.

ترس لە هەڕەشەکانى ئێران و پەرەسەندنى گرژییەکانى ناوچەکە، لە 5ـى ئەم مانگەوە هێڵەکە گەشتە ئاسمانییەکانى بۆ فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر و چەند وڵاتێکى ناوچەکە راگرتووە.

بە وتەى ئەحمەد هۆشیار، هیچ هێڵێکى دیکەى ئاسمانى گەشتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەى هەولێر رانەگرتووە و گەشتەکان بە ئاسایى ئەنجام دەدرێن.

964 ویستى لەبارەى ئامارى گەشتەکانى هێڵى ئاسمانى لۆفتانزاى ئەڵمانییەوە بۆ فڕۆکەخانەى هەولێر بزانێت، بەڵام بەڕێوەبەرى فڕۆکەخانەکە وتى،”نازانین و لامان نییە”.

بەپێى راگەیەنراوى هێڵەکە کە بارەگاکەى لە فرانکفۆرتى ئەڵمانیایە، ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان بۆ تەلئەبیب، تاران، بەیروت، عەممان، هەولێر تا 21ـى ئاب رادەگرن.

کۆمپانیاکە بڕیاریداوە بە قەرەبووکردنەوەى ئەو گەشتیارانەى بلیتان بڕوە.

بەرەبەیانى 31ـى تەمووزى 2024، لە تارانى پایتەختى ئێران، ئیسماعیل هەنییە لە رووداوێکى تەقینەوەدا کە تا ئێستا بە تەواوەتى یەکلایى نەبووەتەوە چۆن بووە لە شوێنى مانەوەى کوژرا، ئەمەش گرژى لە ناوچەکەدا دروستکرد و ترس لە پەرەسەندنى هەڕەشەکان واى لە بەشێک لە کۆمپانیا و هێلە ئاسمانییەکان کردووە، گەشتەکانیان سنووردار یان رابگرن بۆ هەریەک لە عێراق و ئێران و سوریا و ئیسرائیل.

هیچ گەشتێکى فڕۆکەخانەى هەولێر نەوەستێنراوە

هیچ گەشتێکى فڕۆکەخانەى هەولێر نەوەستێنراوە