سه‌ركێشیان كردووه‌ بە لایت گەڕاونەتەوە

بۆ یه‌كه‌مجار تیمێكی پایسكلسوارى به‌ پایسكل ده‌چنه‌ سەر لووتکە چیاى هه‌ڵگورد

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بۆ یه‌كه‌مجار تیمێكی پایسكلسوارى به‌ پایسكله‌كانیانه‌وه‌ چوونه‌ سه‌ر لوتکەی هەڵگورد، یه‌كێك له‌ پایسكلسواره‌كان ده‌ڵێت، به‌چوون و گه‌ڕانه‌وه‌ هه‌شت كاتژمێرییان پێچووه‌.

لوتكه‌ى هه‌ڵگورد به‌ به‌رزنرین لووتكه‌ چیا له‌ هه‌رێمی كوردستان عێراق داده‌ندرێت و به‌رزییه‌كه‌ى سێ هه‌زار و 607 مه‌تره‌.

زیره‌ك زرار، یه‌كێك له‌و پایسكلسوارانه‌ به‌ 964ـى وت، پێشتر چوار پایسكلسوار بوون كه‌ ئه‌و بڕیاره‌یان داوه‌، به‌ڵام دواتر ته‌نیا دووانیان ماونه‌ته‌وه‌ و ئه‌م گه‌شته‌یان ئه‌نجامداوه‌.

زیره‌ك له‌گه‌ڵ هاوڕێكه‌ى كه‌ ناوى کاروان محەمەده‌ پێش گه‌شتته‌كه‌یان پایسكله‌كانیان له‌لای وه‌ستایه‌ك تووندو تۆڵ كردووه‌ته‌وه‌ ئینجا ده‌ستیان به‌ گه‌شته‌كه‌یان كردووه‌.

وتیشی “وه‌كو تیم یه‌كه‌م تیمین ئه‌و كاره‌مان كردووه‌، پێشتر وه‌كو تاكه‌ كه‌س ئه‌م كاره‌ كراوه‌، به‌ڵام به‌رێكخراوى نه‌بووه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، سەرەتای گەشتەکه‌یان له‌ ناوچه‌ى شێوێ زار ده‌ستپێكردووه‌ و تا گه‌یشتوونه‌ته‌ سه‌ر لوونكه‌كه‌ چوار كاتژمێریان پێچووه‌، كه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ش ته‌نیا دوو كاتژمێریان پێچووه‌.

باسی له‌وشه‌كرد، گه‌ر هاوڵاتیان به‌پێ له‌شیوێ زاره‌وه‌ بچنه‌ سه‌ر لووتكه‌كه‌ شه‌ش كاتژمێریان پێویسته‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئه‌وان چونكه‌ به‌ پایسكل بووه‌، خێراتر گه‌یشتوون.

روونیشیكرده‌وه‌، له‌كاتى چوونبان تووشی زۆر سه‌ركێشی بوونه‌ته‌وه‌ به‌هۆى سه‌ختى شوێنه‌كه‌ و له‌هه‌ندێك شوێنیشدلا پایسكله‌كانیان به‌ده‌ست هه‌ڵگرتووه‌، له‌گه‌ڕانه‌وه‌شیاندا شه‌ویان به‌سه‌ردا هاتووه‌ و ناچاربوونه‌ لایت بۆ رووناككردنه‌وه‌ى رێگاكه‌یان به‌كار بهێنن.