هەموو شتێکییان بۆ ئامادەکراوە

سۆران ئامادەیە بۆ پێشوازی کردن لە زیارەتکارانی شیعە

+964

ئاکام غەفور- سۆران

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئامادەکاری تەواوی کردووە بۆ پێشوازی کردن لە زیارەتکارانی شیعە، کە بە مەبەستی چلەی ئیمام حوسێن لە رێگای مەرزی حاجی ئۆمەرانەوە داخڵی هەرێمی کوردستان دەبن و سەردانی شارەکانی نەجەف و کەربەلا دەکەن.

لە مەرزی حاجی ئۆمەران و گەلی عەلی بەگ وێستگە و شوێنی پشوودان بۆ زیارەتکاران درووست کراوە، جگە لەوەی چادریان بۆ هەڵدراوە ئامێری فێنک کەرەوە، ئاوی خواردنەوە، کورسی دانیشتن و شوێنی نوێژکردنیان بۆ دابین کراوە و رۆژانەش خواردنیان بێ بەرامبەر بۆ ئامادە دەکرێت.

هەژار حەکیم، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندیەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە 964ـی وت، ”لەژێر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاری تەواو بۆ زیارەتکاران دەکرێت، تەواوی ئامادەکاریەکان کراون بۆ پێشوازی کردن لە زیارەتکارانی شیعە و بڕیار وایە لە رۆژی پێنجشەمە 8.8.2024، زیارەتکارەکان بگەن و بۆ ماوەی 15 رۆژ هاتنیان بەردەوام دەبێت”.

وتیشی، دەزگای خێرخوازی بارزانی، دابینکردنی خواردن و خواردنەوەی زیارەتکارانی لە ئەستۆ گرتووە و رۆژانە خواردنیان بۆ ئامادە دەکرێت.

ماوەی سێ ساڵە بە فەرمی و بە هەماهەنگی حکومەتی هەرێمی کورستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، زیارەتکارانی شیعە لە رێگای دەروازە سنووریەکانی هەرێمی کوردستانەوە، سەردانی نەجەف و کەربەلا دەکەن بە مەبەستی بەجێگەیاندنی مەراسیمە ئاینەیەکەیان.

بەپێی ئاماری دەروازی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، لە ساڵی رابردوو 70 هەزار و 127 زیارەتکار لە دەروازەکەیانەوە سەردانی نەجەف و کەربەلایان کردووە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

دەروازەی حاجی ئۆمەران ئامادەکاری بۆ هاتنی 500 هەزار گەش...

دەروازەی حاجی ئۆمەران ئامادەکاری بۆ هاتنی 500 هەزار گەشتیاری شیعە دەکات