بڕیارێکی کاتییە
تا 20 رۆژی دیکە رێگری ناکرێت لە هەناردەی بەرهەمە ناوخۆییەکان
964+
میدیا گۆران
ژووری بازرگانی هەولێر دەڵێت چارەسەی کێشەی هەناردەکردنی بەرهەمی هەرێمی کوردستان بۆ شارەکانی تری عێراق نزیکە و هەتا 20 رۆژی تریش بەرهەمەکان دەڕۆن و رێگری ناکرێت.
ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر لە فەیسبوک راگەیەندراوێکی داناوە دەڵێت، ” پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەرچاوەیەك پێی راگەیاندین وەکو چارەسەرێکی کاتی بڕیاریان داوە کە رێگری نەکەن لە بەرهەمە ناوخۆییەکانی هەرێم و مۆڵەتی 20 رۆژی تر درێژ بکەنەوە تاوەکو 1.9.2024، تا کۆمپانیا و کارگەکانی هەرێمی کوردستان مۆڵەت لە حکومەتی عێراق وەردەگرن”.
بڕیارێک لە بەغداوە هەبوو کە نەهێڵن بەرهەمەکانی خۆمان بڕوات بۆ خواروو ”بە بیانوی تۆمارنەکردنی ئەم کارگە و کۆمپانیایانە و مۆڵەت وەرنەگرتنیان لە حکومەتی عێراق”.
لەم بارەیەوە ژووری بازرگانی هەولێر دەڵێت، نامەمان نوسیوە بۆ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و یەکێتی ژوورە بازرگانییەکان داوایانکردووە ئەم بڕیارە هەڵبوەشێتەوە، نوسیویانە ” هەوڵەکانی ژوور و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، ئێستاش شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری بەغدایە بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە.”