سنوورى چوار ناحیه‌ى گرتووه‌ته‌وه‌

چیای هەورێ به‌دیوى ناحیه‌ى بالیسان ئاگری گرتووە

964+
ئاکام غەفور- سۆران

زیاتر لە 24 کاتژمێرە ئاگر لە چیای هەورێ به‌دیوى دۆڵى بالیسان كه‌وتووه‌ته‌وه‌ و خه‌ریكه‌ ده‌په‌ڕێته‌وه‌ سنووره‌كانى دۆڵى هیران و تا ئێستاش کۆنتڕۆل نەکراوە.
ئاگره‌كه‌ له‌ ئێواری دوێنێ یەکشەممە 4.8.2024 لەو چیایه‌ کەوتۆتەوە و به‌درێژایی سنوورى ناحیه‌كانى هیران، سكتان و بێتواته‌ به‌ دیوى بالیسانه‌وه‌ درێژبووه‌ته‌وه‌ بەرگریی شارستانیش دەڵێت، کۆنتڕۆڵکردنی قورسە.
عەلی قادر، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین، بە 964ـی وت، لە دوێنێ ئێوارەوە تیمەکانی ئێمە سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن، بەڵام بەهۆی سەختی شاخەکە و فراوانی ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کردنی زۆر قورسە.
وتیشی “تا ئێستا نازاندرێت چەند دۆنم زەوی سوتاوە و هۆکاری ئاگرەکەش نادیارە دوای کۆنتڕۆڵکردنی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرەکە دەکەین”.

جگە لە تیمەکانی بەرگری شارستانی، چەندین تیمی خۆبەخش لە خەڵکی ناوچەکە لە شوێنی ئاگرەکەن.

رێبین بالیسانی، یەکێکە لە خۆبەخشەکانه‌ بۆ 964 وتى، وەک خەڵکی بالیسان بە سێ تیم بەژدارن، خەڵکی گوندی چیوە و گوندەکانی ناحیەی سکتان و گوندی کونەفلوس و خۆرانیش خەڵکێکی زۆرە خەریکی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن.

بەوتەی ئەو خۆبەخشە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکرابوو، بەڵام له‌ نیوەڕۆى ئه‌مڕۆوه‌ سەری هەڵداوەتەوە بەهۆیەوە جگە لە سووتانی پوش وپەلاش سەدان دار بەڕوو و مازو سوتاون.

بەرگریی شارستانی دەڵێت، له‌ ساڵانى رابردووشدا به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام ئاگر لەو چیایه‌ کەوتووەتەوە و ساڵانە دەسووتێت، ساڵی رابردووش چەند جارێک چیای هەورێ سووتاوە.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ماوه‌ى 15 كاتژمێره‌ ئاگره‌كه‌ى چیای هەورێ به‌رده‌وا...

ماوه‌ى 15 كاتژمێره‌ ئاگره‌كه‌ى چیای هەورێ به‌رده‌وامه‌