کچە ئێزدییەکان گلەییان هەیە
فیلمی كچانی خۆر لە هەولێر نمایش كرا
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
فیلمی دۆكیۆمێنتاری كچانی خۆر لە هەولێر نمایش كرا، كە باس لە مەینەتیی كچە ئێزدییە رزگاربووەكانی دەستی داعش دەكات، كچە بەشدارەكانی فیلمەكەش گلەییان هەیە و دەڵێن هیچیان بۆ نەكراوە.
فیلمەكە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 5.8،2024 لە هۆڵی هوتێل دیڤان بە ئامادەبوونی كونسوڵی وڵاتانی ئەمریكا، ئەڵمانیا، كەنەدا و هۆڵەندا و ژمارەیەك كەسایەتی دیكە نمایش كرا، كە باس لە چیرۆكی ژیانی شەش كچی ئێزدی دەكات، كە دوو لەوان لە لایەن چەكدارانی رێكخراوی داعشەوە رفێندرابوون دوای هێرشەكەی سەر شنگال لە ئابی 2014، دواتریش كچەكان ئازادكراون و چیرۆكی مەینەتییەكانی خۆیان لە فیلمەكەدا دەگێڕنەوە.
بڵاوكردنەوەی فیلمەكە هاوكاتە لە تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر جینۆسایدكردنی ئێزدییەكان لە لایەن داعشەوە.
رێبەر دۆسكی، دەرهێنەری فلیمی كچانی خۆر بۆ 964 وتی، “دەمانەوێت هەموو گەلی كورد بینەری ئەو فیلمە بێت بۆ بینینی نەهامەتییەكانی كوردانی ئێزدی و كوشتن و راگواستنیان، ئەم بەڵگە فیلمە ماوەی سێ ساڵ كارم تێدا كردووە”.
سەراب نایف كارەكتەری سەرەكیی فیلمەكە و رزگاربووی دەستی داعش، بۆ 964 دەڵێت، “كارەساتی ئێزدییەكان بووە دە ساڵ، بەڵام تا ئێستا هیچمان بۆ نەكراوە”.
هەروەها فەوزیە بەشار كارەكتەری سەرەكی، كە ئەویش رزگاربووی دەستی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامییە، بۆ 964 وتی، “زۆر خۆشحاڵم ئەم فیلمەمان تەواو كرد، رووداو و نەهامەتییەكانی خۆمان پێشانی خەڵك بدەین”.
هەر لەم بارەیەوە فكری بەڕۆژی، ئەندامی كۆمیسیۆنی فیلمسازانی كوردستان و رێكخەری ئیڤێنتەكە، بۆ 964 وتی، فیلمەكە لە رۆژانی داهاتوو لە سینەمای ئیمپاپەر لە هەولێر نمایش دەكرێت و داواكارم هاوڵاتیان بینەری بن و مەینەتی و ئازاری كچانی ئێزدی ببینن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا