سێیه‌م رووداوى ئەم هەفتەیەی خانەقینە

‫دوو ماتۆڕسوار به‌یه‌كیان دادا و یه‌كێكیان گیانى له‌ده‌ستداوه‌

964+
راژان باجەڵان – خانەقین

درەنگانی شەوی رابردوو دوو ماتۆرسکیل لە نزیک گوندی جەبراوەى سنوورى خانه‌قین بە خێراییەکی زۆره‌وه‌ بەریەک دەکەون و دەمودەست ماتۆڕسوارێك گیان لەدەستدەدات، ئەمه‌ ده‌بێته‌ سێیەم رووداوی ماتۆڕسواره‌كان كه‌ لە ماوەی هەفتەیەکدا لە و قه‌زایه‌ روویانداوه‌.
د. شوان شاکر، بەرێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی خانەقین بە 964ـی وت، لە نزیک کاتژمێر 3:00ـى به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ دوو کەس گەیەنراونەته‌ نەخۆشخانەكه‌یان کە بە رووداوێکی هاتوچۆى ماتۆرسکیل بەریەک کەوتبوون.
وتیشی “یەکێکیان بە ناوی (ح. ف.ج) لە دایکبووی ساڵى 2002 گیانی لەدەست دابوو و روانه‌ى نەخۆشخانەی گشتی بەعقوبە كرا بۆ پزیشکی دادى، دووەمیشیان هەرچەنده‌ دەست و پێی شکاوە به‌ڵام باری تەندروستی جێگیرە” .
له‌كاتى روودانى رووداوه‌كه‌ ده‌یان کەس لە هاوڕێ و خزمانیان لە بەردەم نەخۆشخانەى خانه‌قین کۆببونەوە بۆ ماڵئاوایی، کارزان حەمدان، ناسیاری ئه‌و گەنجەى گیانى له‌ده‌ستداوه‌، بە 964ـی وت، تەرمەکە لە کاتژمێر 7:30 له‌نه‌خۆشخانه‌كه‌ى باقوبه‌ رێكاره‌كانى بۆ ئه‌نجام دراوه‌ و نیوەڕۆش دەگەڕێتەوە خانەقین بۆ ناشتنی .
وتیشی “گەنجەکە پاش مردنی باوکی پێش ساڵێک ئەرکی بەخێوکردنی خێزانەکەی گرتبووە ئەستۆ و ئێستاش بەهۆی خراپی باری داراییان، لە یەکێک لە کۆمەڵگا خێرخوازییەکانی خانه‌قین دەژین”.
پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ماتۆڕسکیلەکانی دەربەندیخان مۆڵەتی لێخورینیان وەرگرت

ماتۆڕسکیلەکانی دەربەندیخان مۆڵەتی لێخورینیان وەرگرت