لە کوێ نیشتەجێ بوون؟
زیاتر لە 500 ئاوارە لە كوردستانەوە گەڕانەوە نەینەوا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی کۆچ و كۆچبەرانی عێراق گەڕانەوەی زیاتر لە 500 ئاوارەی بۆ پارێزگای نەینەوا راگەیاند، كە لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستانەوە نیشتەجێ بوون.
وەزارەتەكە ئەمڕۆ پێنجشەممە 1.8.2024 لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد، 521 ئاوارە، كە لە كەمپەكانی حەسەن شام و خازر نیشتەجێ بوون، گەڕانەوە زێدی خۆیان لە نەینەوا.
وەزارەتەكە دەڵێت، ئەو ئاوارانە بە خواستی خۆیان گەڕاونەتەوە، هەروەها ئەوەشیان خستووەتەڕوو، “خواستی خێزانە ئاوارەکان لە کەمپەکانی پارێزگای هەولێر بەردەوامە بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچە رەسەنەکانی نیشتەجێبوونیان بە شێوەیەکی خۆبەخشانە و هاوتەریب لەگەڵ بەرنامەی حکومەت بۆ کۆتاییهێنان بە مەلەفی ئاوارەبوون لە وڵاتدا”.
هەر لە راگەیاندراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، وەزیری كۆچ و كۆچبەران فەرمانبەرانی وەزارەتەكەی راسپاردووە، یارمەتی و كەلوپەل و هاوكاری فریاگوزاری بۆ ئاوارە گەڕاوەكان دابین بكەن.
مانگێك لەمەوبەر وەزارەتەكە رایگەیاند، 26 هەزار خێزانی ئاوارەی عێراق لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان ماون، كە لە 23 كەمپدان و زۆرینەیان لە پارێزگای دهۆكن.
حكومەتی عێراق بەرنامەیەكی داناوە و دەیەوێت تەواوی كەمپی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراق دابخات و خەڵكەكە بگەڕێنێتەوە شوێنی خۆیان، بەڵام پرۆسەكە ئاسان بەڕێوەناچێت و كێشەی زۆرە.